بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وەڵامی لێدوانەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا دەداتەوە

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا وەڵامی لێدوانێکی وەزارەتی دەرەوەی روسیای دایەوە کە باسی لە هەڵوێستی بەرێوەبەرایەتی خۆسەری کردبوو لە بارەی بەشداریکردنیان لە پرۆسەی دیالۆگدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و دەڵێت" ڕوون و ئاشکرایە کە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە سەرەتاوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دیالۆگ بە ئەساس دەگرێت و ئەم هەڵوێستەمان لە هەموو کات و ساتێکدا خستووەتە بواری پراکتیکیەوەو جێبەجێشمان کردووە".

 

تێکستی وڵامەکەی خۆسەری بۆ وەزارەتی دەرەوەی روسیا بەم شێوەیەیە:


"بەدواداچوونێکی وردمان لە بارەی لێدوانەکەی وەزارەتی دەرەوەی فیدراسیۆنی روسیادا کرد لە بارەی بابەتی دیالۆگ و چارەسەریی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا، بە تایبەتیش لێدوانەکانی تایبەت رۆڵ و هەڵوێستی بەرێوەبەرایەتی خۆسەرۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و قسەکانی بەڕێز سێرگی لاڤرۆڤ لە دووهەمین پانێلی ئاشتی پاریس کە لە ١٢ی تشرینی دووهەم ساز کرا. لە لێدوانەکانیاندا باس لەوە کرابوو کە پێویستە هەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ بەشداریکردن لە دیالۆگە سیاسیەکان بۆ قەیرانی سوریا ئاشکرا بن، هەروها باس لەوەش کرابوو کە دانوستانەکانی لەگەڵ رژێم دوای بریاری ئەمریکا بۆ مانەوەی هێزەکانیان لە ناوچەکە، دواکەوتوون.


روون و ئاشکرایە کە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە سەرەتاوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دیالۆگ بە ئەساس دەگرێت و ئەم هەڵوێستەمان لە هەموو کات و ساتێکدا خستووەتە بواری پراکتیکیەوەو جێبەجێشمان کردووە. دەوڵەتی روسیای فیدڕاڵیش ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەم بابەتەیە. بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە ساڵێک پێش ئێستاوە کە نەخشەرێگای چارەسەری ئامادەی کردووە، سووربوونی خۆی بۆ چارەسەری و دیالۆگ ئاشکرا کردووە، پێشکێشی لایەنی روسی کردووە.


ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پشتڕاستی دەکەینەوە کە هەوڵی چارەسەریی سیاسی لە ئارادا هەیە، بەڵام تا ئێستا لە رووی پراکتیکەوە هیچ هەنگاوێک نەنراوە. ئەوەی لە ئێستادا لە رووی پراکتیکییەوە لە ئارادایە، تەنها بواری سەربازییە. سەرکەوتنی هەر پڕۆسەیەک بەستراوە بە دوو لایەنی سەرەکییەوە کە یەکێکیان جددیەتە لە رووی هەڵوێستەوە کە لەم رووەوە بەڕیوەبەرایەتی خۆسەر هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کردووەو ئامادەیە لەگەل شامدا دیالۆگ بکات. دووهەمیشیان رۆڵ و خەباتی هێزە ئەکتیف و گرنگەکانە لە سوریادا کە لە سەرووی هەموشیانەوە رۆڵی روسیایە.


ئێمە تا ئێستاش بڕوامان بە دیالۆگ هەیە و ئامادەین بۆ هەر خەباتێک کە خزمەتی گەلی سوریا بکات و دواڕۆژێکی دیمۆکراتیکی بۆ مسۆگەر بکات. ئێمە چاوەڕێی هەنگاوە پراکتیکییەکانی لایەنەکانی تر دەکەین.


ئێمە جارێکی دیکە رایدەگەیێنین کە هەڵوێستمان روون و ئاشکرایە و جەخت دەکەینەوە کە بەو هەڵوێست و گۆڕانکارییانەی لە گۆڕەپانەکەدا روودەدەن، ئێمە ناگۆڕێین. هەبوون و گەڕانەوەی ئەمریکا بەستراوەتەوە بە زۆرێک لە فاکتەر و حسابی نێودەوڵەتیەوەو هیچ کات کاریگەری لەسەر هەوڵەکانمان بۆ دیالۆگ دروست ناکات. هەڵوێستمان بەستراوە بە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بە نشتیمان و بڕیارەکانی گەلەکەمانەوە.


بۆیە پێویستە دەوڵەتە ئەکتیڤەکان کە بڕوایان بە دیالۆگ هەیە بۆ پرسی سوریا، پشتیوانی ئەم هەڵوێستە بکەن و پەرەی پێ بدەن. لەم قۆناغەدا پێویستیمان بە پشتیوانی دیالۆگ و رێکەوتنێکی ناوخۆیی هەیە، بۆ ئەوەی سوریا بەرەو فیتنەی ناوخۆیی و پرۆژەی پارچەبوونەوە نەڕوات و رێخستنە تیرۆرسییەکان لە لایەن تورکیا و چەتەکانیەوە گەورەتر نەکرێن کە رۆژانە خوێنی هاوڵاتیان دەڕژێنن و گوند و موڵکیان وێران دەکەن بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانیان جێبەجێ بکەن."




AM:11:03:15/11/2019