ئەمڕۆ یەک شەممە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ئێران ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند" لانیکەم ٩٠ هاوڵاتی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژران و بریندار بوون"
ماڵپەڕی هەنگاو ڕاشیگەیاند" ڕۆژی شەممە ١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ لانیکەم ٩٠ کەس لە شارەکانی جوانڕۆ، سنە و مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی کە ١١ کەسیان گیانیان لەدەست داوە".
سەرچاوەکە وتیشی" لە شاری جوانڕۆ نزیکەی ٦ خۆپێشاندەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژران و ٤٣ کەسی دیکە بریندار کراون".
ماڵپەڕەکە ناسنامەی دوو کەس لە کوژراواکانی ئاشکراکردووە و دەڵێت" دوو کەس لە کوژراوەکان بە ناوەکانی “کاوە محەممەدی” و “حەمزە” و یەکێکی دیکە لە کوژراوان فەرمانبەری شارەوانی بووە"
ماڵپەڕی هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" لە شاری مەریوان ٤ خۆپیشاندەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژراون ١١ هاووڵاتی دیکە کە سێ کەسیان منداڵن، بریندار کراون. ناسنامەی سێ کەس لە کوژراوەکان بە ناوەکانی “عوسمان نادری” و “مێهران تاک” و “بێهرووز” بوون، هاوکات لە شاری سنەش لاوێکی تەمەن ١٦ ساڵ کوژراوە و ٢٥ کەسی دیکە بریندار بوون".
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی شارەکانی ئێران لە کاتێکدایە، بە بڕیارێکی کۆمپانیای نیشتمانی دابەشکردنی سوتەمەنی ئێران، دوێنێ نرخی بەنزین دوو هێندە لە نرخی جارانی گرانترکرا و سەرەی بەنزینیش دەستیپێکرد، بەو هۆیەوە خۆپیشاندانی شۆفێران و هاوڵاتیان دەستیپێکردووە، لەهەندێک شارەکان خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە.
خۆپیشاندەران لەژمارەیەك لە شارەكان بانك و وێستگەكانی سوتەمەنیان سوتاند و لەسەر شەقام و شوێنە گشتیەكان ئاگرییان كردەوە.