سەعد حەدیسی ناوەرۆکی پڕۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنی بڵاوکردەوە

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەشنوسی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقی بڵاوکردەوە و کە تیادا ڕێگری لە کاندیدبوون دەیان کەس دەکات.
 
وتەبێژی نووسینگەی عەبدولمەهدی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراقی بڵاوکردەوە و بەپێی پڕۆژەیاساکە، ئەو کەسەی خۆی دەپاڵێوێت، لە کاتی خۆپاڵاوتنەکەدا ٢٥ ساڵیی تەمەنی تەواو کردبێت.

هەر لە پڕۆژە یاساکەدا هاتووە ئەو کەسانەی ئەم پۆستانەیان هەیە، بۆیان نییە لە هەڵبژاردنەکاندا خۆیان بپاڵێون:

 
١- سەرۆک کۆمار و جێگرەکانی

٢- سەرۆک وەزیران و جێگرەکانی

٣- وەزیرەکان و وەکیلی وەزارەتەکان

٤- سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و جێگرەکانیان

٥- سەرۆکی دامەزراوە نەبەستراوەکان بە وەزارەتەکان و جێگرەکانیان.

٦-  راوێژکارەکان

٧- پارێزگارەکان و جێگرەکانیان.

٨- سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان

٩- خاوەن پلە تایبەتەکان

١٠- بەڕێوەبەرە گشتییەکان

- لە دەسەڵاتی دادوەریشدا ئەم کەسانە ناتوانن خۆیان بپاڵێون:

١- دادوەرەکان

٢- ئەندامانی داواکاری گشتی

- هیچ کەسێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان ناتوانن خۆیان بپاڵێون.

- ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران و ئەوانەی پۆستی باڵایان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و فەرمانبەرانی کۆمسیۆن ناتوانن خۆیان کاندید بکەن.

- ئەو کەسانەی بە لیستی تاکلایەنە دەچنە ناو هەڵبژاردنەکان، لە دانانی بڕە پارەی تەئمیناتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دەبەخشرێن. 

- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٢٥١ پەرلەمانتار پێک دێن کە ٥ پەرلەمانتاری کۆتای مەسیحی، ١ سابیئە، ١ ئێزدی، ١ کوردی فەیلی و ١ی شەبەک دەبێت.

- ئاوارەکان دەتوانن لەو شوێنانەی لێی نیشتەجێن دەنگ بدەن، بەڵام دەنگەکەیان بۆ بازنە ئەسڵییەکەی هەڵبژاردن دەچێت، واتە ئەو پارێزگایەی کە لێیەوە بووە.

- پرۆسەی پەنجەمۆر بۆ دەنگدانی گشتی و تایبەت ئەنجام دەدرێت. 

- لە دوای دەنگدانی تایبەت، کارتی دەنگدان لە دەنگدەر وەردەگیرێتەوە، دواتریش لە ڕێگەی یەکە سەربازییەکانیان کارتەکانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە.

- هیچ پەرلەمانتار، حزب و کوتلەیەکی تۆمارکراو لە چوارچێوەی لیستە کراوە براوەکانی هەڵبژاردن، بۆیان نییە بچنە نێو هیچ هاوپەیمانی و حزب و لیستێکی دیکەوە، تاوەکوو حکوومەت پێک دەهێندرێت.

- رێگە نادرێت هیچ پاڵێوراوێکی براوە لە هەڵبژاردندا بۆ پۆستێک بە پلەی وەزیر لەو خولەی هەڵبژاردن کە تێیدا براوە بووە، کاندید بکرێت.

- عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکاندا بۆ ١٨ بنکەی هەڵبژاردن دابەش کراوە.



PM:03:14:17/11/2019