ئێران لەسەر پشتیوانیكردنی خۆپیشاندەران وەڵامی ئەمریكای دایەوە

دوای ئەوەی دوێنێ یەک شەممە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران هاتە دەنگ و وتی" واشنتن شانبەشانی گەلی ئێران دەوەستێت". ئەمڕۆش دوو شەممە ڕێکەوتی ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانەکەی پۆمپیۆی  دایەوە و دەڵێت" پشتیوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەندێك ئاژاوەگێڕ شەرمەزار دەكەن، بەڵام گەلی ئێران دەزانن ئەو لێدوانانە ڕاست نین".

 

عەباس موسەی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" واشنتن پشتیوانی لە كۆمەڵێك ئاژاوەگێڕ دەكات و پەیامەكەیان دڵسۆزانە و نیازپاكانە نییە، بەڵكو لێدوانەكانیان سەبارەت بە هاوسۆزی بۆ گەلی ئێران دووڕوییە".

 

موسەوی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتیشی" ئەمریكا هاوخەمی لەگەڵ گەلێك دەكات كە خۆی خستوونیەتە بن تیرۆریزمی ئابوورییەوە و برسیان دەكات لە پێناو خۆ تەسلیمكردندا".

 

لێدوانەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری فەڕمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تویتەر" جارێكی تر بەیاننامەیەكی ساڵی ٢٠١٨ ی خۆی بیرهێناوەتەوە كە بۆ پشتیوانی لە گەلی ئێران ئەوكاتە بڵاویكردۆتەوە، دوێنێ یەک شەممە ١٧ی تشرینی دووەم جارێكی تر لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكە تویتێكی نوێی بڵاوکردەوەو وتی" هەروەك چۆن ساڵ و نیوێك پێش ئێستا وتم، ئەمریكا لە پشتی ئێوەیە، ئەمڕۆش واشنتن شانبەشانی گەلی ئێران دەوەستێت".

 

 




AM:10:51:18/11/2019