پژاک لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران راگەیاندنێک بڵاودەکاتەوە

پژاک کە بە بەشێک لە پەکەکە دەناسرێت و چالاکییەکانی تایبەتە بە رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیاندنێکدا پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

لەو راگەیاندنەدا کە دانەیەکی دەست " سپی " کەوتووە، تیایدا هاتووە" لە سەر ئەم ئەساسە کە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن ئیرادەیە و بە تێگەییشتن بە مافە ئازادیخوازەکانی خۆی و تێکۆشان بۆ گەییشتن بە ئازادی لەگەڵ هەموو گەلانی ئازادیخواز هاوڕاستایە و شان بە شانی هەمو تێکۆشەران و مافخوازان لە ئێران و ناوچەکە تێکۆشان دەکات بۆ بنبڕکردنی دیکتاتۆریەت و لە پێش هەموویاندا سیستمی کۆنەپەرەست و فاشیستی ئێران. بۆیە داوا لە هەمو ئازادیخواز و مافخواز و تێکۆشەرێکی ئێران دەکەین لە هەمبەر سەرکوت و کوشتاری خەلک بێدەنگ و بێ هەڵویست نەبن و دەنگ و ئێعتڕازی خۆیان بەرز بکەنەوە و تێکۆشان بگەیەننە لوتکەی خۆی".

دەقی راگەیاندنەکە


سڵاو لە بەرخۆدانی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کۆماری ئیسلامی ئێران لە کارنامەی ٤٠ ساڵەی خۆیدا بە هەزاران جینایەت و کاولکاری بە دیاری بۆ گەلانی ئێران لە گەڵ خۆی هێناوە. بێکاری، گەندەڵی، فەحشا، قڕکردن و ئاسیمیلاسیۆن و لە کۆتاییشدا داڕمانی ئابووری لە سایەی سیاسەتی دژە خەڵکی و هەناردەکردنی ئیسلامی شیعەی شوۆنیستی خۆی بۆ وڵاتانی دەرەوە، کەوتۆتە ناو بازنەیەکی بێ ئەنجام کە هەموی ئەم تاوانانە لە سایەی سیاسەتی ناکارامەی مەلاکاندا کراوە، کۆماری ئیسلامی ئێران تاوانەکەی بە سەری گەلانی ئێراندا دەشکێنێتەوە. لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵە دا بەردەوام ئێعدام و ئەشکەنجە و زیندان بەشی خەڵکی ئێران بووە و سود و بەرهەمی وڵاتەکە بۆ هەناردەکردنی ئیسلامی شیعەی شوۆنیستی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و هاوکات بۆ کۆمەڵێک مرۆڤی گەندەڵ و بنەماڵەکانیان تەرخان کراوە.
لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەی ژیانی خەفەقان و کوشتن و ئیعدام لە ئێران، خەڵکانی مافخواز و ئازادیخواز کە ئێعترازیان دەربڕیوە، هەمو جارێک بە گرتن و ترساندن، خەلکیان لە خۆپێشاندان و داخوازی مافەکانیان ترساندوە و پێشیان گرتوون لە دەربڕینی ویست و داخوازی ڕەوای خۆیان و بەمشێوەیە رژیمی فاشیستی ئێران خۆی بە سەر گەل دا سپاندوە. ئیتر سەبری گەل گەییشتۆتە قۆناخێک کە چیتر ئەمشێوە ژیانە هەڵنابژێرن و بە هەموو شێوازێک ڕووبەڕووی هەر چەشنە زوڵم و بێ حورمەتی و کاولکاریەک دەبنەوە.
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەستپێکی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەو سیستمە ناکۆک بوون و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە هەموو شێوەیەک بۆ قڕکردن و ئاسیمیلاسیۆنی ئیتنیکی و ئاینی ڕانەوەستا و دەستیکرد بە کاولکاری و تەنانەت ژینۆسایدی سپی، کە وزە و پوتانسیەلی شۆڕش لەم بەشە لە کوردستان بێ کاریگەر بکات، بەڵام شوۆنیزم و دیکتاتۆران باش بزانن گەلی کورد سەرەڕای هەموو پیلانگێڕیەکانی کۆنەپەرەستان و داگیرکەران لە سەر پێیان دەمێنێت و بە روحێکی زیندو بە بەرخۆدانی کۆبانی هەموو داگیرکارو کۆنەپەرەستان تێکدەشکێنێت.
لە سەر ئەم ئەساسە کە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن ئیرادەیە و بە تێگەییشتن بە مافە ئازادیخوازەکانی خۆی و تێکۆشان بۆ گەییشتن بە ئازادی لەگەڵ هەموو گەلانی ئازادیخواز هاوڕاستایە و شان بە شانی هەمو تێکۆشەران و مافخوازان لە ئێران و ناوچەکە تێکۆشان دەکات بۆ بنبڕکردنی دیکتاتۆریەت و لە پێش هەموویاندا سیستمی کۆنەپەرەست و فاشیستی ئێران. بۆیە داوا لە هەمو ئازادیخواز و مافخواز و تێکۆشەرێکی ئێران دەکەین لە هەمبەر سەرکوت و کوشتاری خەلک بێدەنگ و بێ هەڵویست نەبن و دەنگ و ئێعتڕازی خۆیان بەرز بکەنەوە و تێکۆشان بگەیەننە لوتکەی خۆی.
لە سەر ئەم ئەساسە، لە هەموو گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان داوا دەکەین پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، با گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بزانێت کە لە تێکۆشان دژی دیکتاتۆریەت و فاشیزم و گەییشتن بە ئازادی تەنیا نیە. لەم قۆناخە هەستیارەدا پێویستە هەموو کەس بە هەستیاری و بە بەرپرسیاریەتیەوە نزیک ببێتەوە و بە روحێکی یەکگرتویی و نیشتیمانپەروەری بەرەو قۆناخی نوێ و گەییشتن بە ئازادی هەڵوێست بگیردرێت.
سەرکەوتن بۆ ئازادی و گەلە
مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
MoreEmailLinkedInTelegr




PM:03:58:18/11/2019