عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ڵامی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عیراق دەداتەوە

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق په‌یامێكی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ كرد و رایگه‌یاند "پشتیوان به‌خوا له‌ ئاست داواكارییه‌كانی مه‌رجه‌عیه‌ت و گه‌ل و هێزه‌ سیاسه‌كاندا ده‌بین".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ وه‌ڵامی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عیراق كه‌ دوێنێ شه‌و له‌ ماڵی عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ كۆبونه‌وه‌، په‌یامێكی ئاراسته‌ی حه‌كیم كرد و سوپاسی سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ و سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كانیشی كرد بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی ئێستای عیراق.

له‌ نامه‌كه‌یدا، عه‌بدولمه‌هدی رایگه‌یاندوه‌ كه‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ ده‌سپێشخه‌رییه‌كانیان خوێندووه‌ته‌وه‌ بۆ یه‌كخستنی ریزی هێزه‌ سیاسییه‌كان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی مه‌رجه‌عیه‌ت و خۆپیشانده‌ران بۆ چاكسازیی گه‌وره‌.

عه‌بدولمه‌هدی، سوپاسی مه‌رجه‌عیه‌ت و هێزه‌ سیاسیه‌كانیشی كردوه‌ كه‌ له‌م ساته‌وه‌خته‌ مێژووییه‌دا كۆبونه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندوه‌ "پشتیوان به‌خوا له‌ ئاست داواكارییه‌كانی مه‌رجه‌عیه‌ت و گه‌ل و هێزه‌ سیاسه‌كاندا ده‌بین".

شه‌وی ڕابردوو 12 لایه‌نی‌ سیاسی‌ عیراق كه‌ دوانیان كوردن له‌سه‌ر نه‌خشه‌رێگایه‌ك بۆ باشكردنی‌ بارودۆخی‌ وڵات رێككه‌وتن و شه‌ش بڕیار و راسپارده‌یان ده‌ركرد و هۆشداریشیان دایه‌ حكومه‌ت كه‌ له‌ حاڵه‌تی‌ جێبه‌جێ نه‌كردنیاندا متمانه‌ن له‌ حكومه‌ت وه‌رده‌گرنه‌وه‌.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا "هاوپه‌یمانی‌ فه‌تح، هاوپه‌یمانی‌ نه‌سر، ده‌وڵه‌تی‌ قانوون، هاوپه‌یمانی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، ره‌وتی‌ حیكمه‌، ئیئتیلافی‌ وه‌ته‌نیه‌، به‌ره‌ی‌ ئینقاز و په‌ره‌پێدان، قه‌واره‌ی‌ عه‌تای‌ نیشتمانی‌، قه‌واری‌ عه‌قدی‌ نیشتمانی‌ و به‌ره‌ی‌ توركمانی‌" به‌شداربوون.



PM:04:29:19/11/2019