نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان ئەوەی پێی بکرێت بۆ سەقامگیری و ئاشتی دەیکات

ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە دووەم رۆژی دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتارێکی لەبارەی دۆخی ئەمنی ناوچەکە پێشکەشکرد، وتی" دانوستاندن و سیاسی باشترین بژاردەی کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانە".

 

نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا ڕاشیگەیاند" نکوڵیکردن و هەڕەشەکردن کۆتایی بەخواستی گەلان بۆ ئازادی ناهێنێت، هەروەها هەرێمی کوردستان نەواقیەکی ئارام بوو بۆ خەڵکەکەی و لێقەوماوان".

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت" دەبێت چاکسازی و پێداچوونەوەی جددی بگیرێتەبەر، کێشەکانی ئێستای عێراق کەڵەکەبووی چەند ساڵەیە، ئامادەین هەموو هاوکارییەک بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری عێراق پێشکەش بکەین، چونکە بەغداد قوڵایی ستراتیجی هەرێمی کوردستانە".

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیشیکردەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ کێشەو قەیران و سەرئێشەیە بۆ هەموو جیهان، هەرێمی کوردستان ئەوەی پێی بکرێت بۆ سەقامگیری و ئاشتی دەیکات.

 

ڕۆژی دووەمی دیداری ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان بەڕێوەچوو، دیدارەکە تاوتوێی قەیران و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. 

 

ئەمەش دەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە.. 

 

دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم بەهەر جۆرێک بەشداربوون لە سازدانی ئەم کۆنفرانسە لە دهۆک و بەخێرهاتنی میوانانی دەرەوە دەکەم بۆ بەشدارییان لە کۆنفرانسەکە.
 
ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتێکی زۆر گرنگی ناوچەکە و جیهانە. کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک هەر ئاسایش و پەیوەندی وڵاتانی ناوچەکەی تووشی قەیران کردووە بەڵکو بۆ سەر ئاشتی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی گەورە و جیهانیش بووەتە هەڕەشە.
 
ئەوەی لە ناوچەکە دەگوزەرێت ئەنجامی هەڵەیەکی کۆن و نەخشەی جیۆسیاسی دوای شەڕی یەکەمی جیهانییە کە کۆمەڵێک کیشەی سیاسی لە ناوچەکەدا بێ چارەسەر هێشتەوە لەوانەش دۆزی کورد.
 


دۆزی کورد کێشەیەکی گەورە و چارەسەرکردنیشی بەشێکی گرنگی ئاشتییە لە ناوچەکەدا. هەروەها کێشەی هەندێ پێکهاتەی دیکەیش دوای جەنگ لەم ناوچەیە سەریانهەڵدا. جگە لەمانە نائارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە کە ئەم ساڵانەی دوایی هاتنە ئاراوە و بوونە هۆی گرفتی زیاتر لە ناوچەکەدا، لەوانە تێکچوونی هاوسەنگی لە ناوچەکە.


دوای بەهاری عەرەبی و رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، رۆڵی هەندێ وڵات لە ناوچەکە پاشەکشێی کرد، دەوڵەتان بۆ ئەوەی ببنە هێزی یەکەم و پێشەنگی ناوچەکە کەوتنە کێبڕکێ. ئەمانە بوونەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی بەوەکالەت و ململانێی ناوچەیی. زەمینە بۆ دەستێوەردانی سەربازیی نێودەوڵەتی رەخسا. ئەوە بووە هۆی مایەی گەرمبوونی شەڕەکان و کەمبوونەی دەرفەتی میانگیریی چونکە هێزە نێودەوڵەتییەکان لەجیاتی رۆڵی میانگیریی خۆیان، بوونە بەشێکی شەڕ.
 



AM:10:05:20/11/2019