بادام، یەکێکە لەو پێکهاتە خۆراکیانەی کە لەڕووی تەندروستییەوە بە ڕزگارکەری جەستە یان ژیان دەناسرێت، چونکە دەوڵـەمەندە بە بەهای خۆراکی باش و دڵ لە نەخۆشیەکان دەپارێزێت.
سوودەکانی بادام پێشتر لە لایەن پسپۆڕانی تەندروستییەوە دیاری کراوە، دیارترینیان دابەزینی کۆلسترۆڵ و کەمکردنەوەی مەترسی تووشبون بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵە.
لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەک خواردنی بادام ڕێژەی ڤیتامین E لە خوێندا زیاد دەکات، ئەم ڤیتامینە یەکێکە لە ئەنتی ئۆکسانە بەهێزەکان کە خانەکانی لەش لە زیانەکان دەپارێزێت و ڕێژەی بەرزی کۆلسترۆڵ دادەبەزێنێت.
بەپێچەوانەی باوەڕی هەندێک کەسەوە بادام بەشێکی زۆر لەناوکدارەکان نابنە هۆی قەڵەوی، ناوکدارەکانی وەک بادام و پستە ڕاستە کە دەوڵەمەندن بە چەوریی، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبنە هۆی هەست کردن بە تێری و چەوری زیادی لەش لەناو دەبەن.
بادام دەوڵەمەندە بە کالیسیۆم، مەگنیسیۆم و ڕیشاڵەکان، یەکێکە لە سەرچاوەکانی پڕۆتین، ئەمەش سوودی هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە بەرهەمە ئاژەڵییەکان ناخۆن.
بادام دەوڵەمەندە بە ماددەی خۆراکی و دژە ئۆکسانەکان، ٢٠ دەنک بادام بە ئەندازەی پیاڵەیەک برۆکلی یان چای سەوز ئەنتی ئۆکسان بەلەش دەگەیەنێت.
پسپۆڕانی گروپی خۆراکیی کالیفۆرنیا ئاشکرایان کرد کە خواردنی بادام مەترسی تووشبون بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کەم دەکاتەوە.
هاوکات بادام یارمەتی خانمی دووگیان دەدات دوای منداڵبوون زوو چاکبێتەوە، چونکە ریخۆڵە ڕێکدەخات و وزە دەدات بە لەش. هەروەها باشترین خۆراکە بۆ گەشەی کۆرپەلە لە کاتی دووگیانیدا، چونکە گەشە بە مێشکی دەدات و ڕێژەی زیرەکی بەرز دەکاتەوە، هەربۆیە گرنگە ڕۆژانە بخورێت.
هەوڵبدە ڕۆژانە بادام بخۆیت ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بێت، لەپێناو پاراستنی تەندروستیت بەشێوەیەکی گشتی.