مەزڵوم کۆبانێ: توركیا تویتێكی كوردیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشی پێ قبوڵ ناكرێت

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند توركیا بێزار بووە بە تویتێكی وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە بە كوردی بڵاویكردووەتەوە و تێیدا ستایشی ژنانی كورد و لە نێویشیاندا شەڕڤانانی یەپەژەی كردووە.

مەزڵوم عەبدی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوێتی، توركیا بەرگەی تویتێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەگرت كە بە كوردی پیرۆزبایی لە جەنگاوەرانی ژن كردووە.

روونیشیكردەوە كە ئەو هەڵوێستەی توركیا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دوژمنایەتی توركیا بەرامبەر بە گەلی كوردە نەك شەڕڤانان.

پێشتر میڵس كاگینس وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رێی هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیبووی "ژنان له ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه لە شەڕی دژی داعش بەشدارییان كردووە. هەمە جۆریی لە هاوپەیمانێتیە نێودەوڵەتیەکەماندا ئێمە بەهێزتر دەكات. ژن. ئاشتی. ئاسایش".

وتەبێژەكەی هاوپەیمانان لەگەڵ تویتەكەیدا وێنەی ژمارەیەك پێشمەرگە، شەڕڤان، پۆلیسی عێراقی و سەربازێكی بیانیشی داناوە كە سەرجەمیان ژنن.


AM:08:51:21/11/2019