گوڵاڵە.. بەهۆی پەلامارێکی داعش چوار قوربانی لێكەوتەوە

بەهۆی هێرشێكی پاشماوەكانی رێكخراوی چەكداری داعش، لە گوندی ئیسڵاح-ی سەر بە ناحیەی گوڵاڵە، چواركەس بونە قوربانی.
 

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەمشەو یەک شەممە رێكخراوی تیرۆرستی داعش هێرشیكردە سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای عێراق لەگوندی ئیسڵاحی سەر بەناحیەی گوڵاڵە و لە ئەنجامدا چوار کەس كوژران، هاوکات ئەفسەرێك بە پلەی رائید و دوو سەربازی دیكەش كوژراون.

 

ئەوە یەکەمجار نییە پاشماوەكانی داعش لە عێراق، هێرشدەکەنە سەر گوندەکانی سنوری جەلەولا و خانەقین، كە بەهۆی هێرشەكانیانەوە دەیان كەس لە هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان بونەتە قوربانی.

 

گوڵاڵە یان جەلەولا شارۆچکەیەکە لە قەزای خانەقین، پارێزگای دیالە، عێراق و لە نزیک ڕووباری سیروان ھەڵکەوتووە. جەلەولا شوێنی شەڕی جەلەولا لە نێوان موسڵمانان و ساسانییەکان بووە.

 

گوڵاڵە مێژوویەکی کۆنی ھەیە ھەروەک گشت ئاواییەکانی ناوچەکە (خانەقین و کفری و مەندەلی) ناونانی بەم ناوە بۆ ئەو گوڵە سورانە دەگەڕێتەوە کە لە مێرگەکانی کەناری ڕووباری سیروانەوە چرۆ دەکەن.

 

 

 



PM:10:12:24/11/2019