سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەریوان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند" هێزە ئەمنییە دەمامەکدارەکان شەقام و مەیدانە سەرکەییەکانی ناو شاریان قۆڕخکردووە، لێپرسینەوە لەگەڵ هاوڵاتیان و ڕێبوارانی سەر شەقامەکان دەکەن و مۆبایلەکانیان دەپشکنن. ئەگەریش ڤیدیۆ یان وێنەی خۆپیشاندانەکانی ئەوم دوواییانە لەسەر مۆبایلەکانیان ببینین دەستبەسەریان دەکەن".
بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک لەو منداڵانە بە دانانی بارمتە ئازادکراون، بەڵام زۆربەیان لە ئێستادا لە حەوشەی دەستبەسەرگەکان و بارەگاکانی سپای پاسداران یان دەستبەسەرگەکانی فەرمانگەی ئەماکن، پۆلیسی ئاسایش و ناوەندی چاکسازی و پەروەردە "کانون اصلاح و تربیت"ی ئەو شارانەدا لە ڕەوشێکی سەختدا دەستبەسەرن.
سەرچاوەکان باس لەوەشدەکەن" هەرزەکارێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی “ئەروین ڕامین” کە لە شاری مەریوان دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەسەختی ئەشکەنجەدراوە و لە ئێستادا کەوتووەتە حاڵتی کۆما "بێهۆشیی قووڵ" وە"
سەرچاوەیەک لە جوانڕۆ باسی لە بەردەوامبوونی کەشی ئەمنی و سەربازی لە شارەدا کرد و وتی" کە لە ڕۆژانی ڕابردوو دا مەراسیمی پرسە و سەرەخۆشیی چوار لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکان بەناوەکانی “کاوە محەمەدی”، “موبین عەبدوڵلاهی”، خەڵکی گوندی شوانکارە، “جەبار تجارە” و “عەلی (یونس) فیروزبەخت” لە مزگەوتە جیاوازەکانی ئەو شارەدا بەڕێوەچووە".
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە لانیکەم ٦ هاوڵاتی بەهۆی دەستڕێژی گولـلەی هێزە ئەمنییەکان لە جوانڕۆ کوژراون و زیاتر لە ٢٥ هاوڵاتیش برینداربوون. ناسنامەی چوار لەو هاوڵاتییانە “موبین عەبدوڵلاهی”، “کاوە محەمەدی”، ئیبراهیم مورادی” و “جەبار تجارە” ڕاگەیەندرابوو کە بەپێی دوایین هەواڵەکان پێویستە “عەلی (یونس) فیروزبەخت”یش بەو ناوانە زیادبکرێت.