لەبارەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران ڕوونكردنەوە دەدرێت

بەپێی ڕاپۆرتێكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، كە بۆ پەرلەمانی كوردستان رەوانە كراوە، بە هیچ شێوەك ناكرێ‌ بەرزكردنەوەی پلە فەرمانبەران رابگیرێ‌‌ت و پێویستە پلە وەزیفییەكان بەگوێرەی یاسا‌ و ڕێنماییەكان بەرز بكرێنەوە.

ئەو راپۆرتەی چاودێریی دارایی، لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان خراوەتە ڕوو، لیژنەكە بڕیاری داوە پشتیوانیی راپۆرتەكە بكات.

بەپێی زانیارییەكانیش وەزارەتی دارایی و ئابوری، نووسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بۆ دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و داواشی كردوە كە پلەبەرزكردنەوە مافێكی یاسایی فەرمانبەرانە كاتی خۆی راگرتنی پلەبەرزكردنەوە بڕیارێكی هەڵە بووە و خانەنشینی رانەگیراوە بۆیە كە فەرمانبەران خانەنشینبوون بەردەوامە، دەبوو پلەبەرزكردنەوەش بەردەوام بوایە، ئێستا زیاتر لە سێ بەشی فەرمانبەران مافی پلەبەرزكردنەوەیەك یان دوو پلەبەرزكردنەوەیان هەیە. "

هەربەپێی ئەو زانیارییانەی كەبڵاوكراونەتەوە ئەنجومەنی وەزیران بۆچوونی وەزارەتی داراییان لەسەر پلەبەرزكردنەوە وەرگرتووە.

لە ساڵی 2016وە پلەبەرزكرنەوەی فەرمانبەران ڕاگیراوە، لە حاڵی دەستپێكردنەوەیدا نزیكەی 680 هەزار فەرمانبەر پلەكانیان بەرز دەكرێتەوە و مووچەیان زیاد و ناونیشانیان دەگۆڕدرێت.بەپێی یاسا فەرمانبەران لە 4 بۆ 5 ساڵ جارێك، پلە و ناونیشانیان دەگۆڕدرێت و مووچەكانیشان زیاد دەبێت.

PM:02:57:26/11/2019