ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی دەرکرد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ كۆبوەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد.

لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاندوە، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران تیشكی خستە سەر سەردانیی حەفتەی رابردووی مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هەولێر كە دووپاتكردنەوەی رۆڵی گرنگی هەرێمی كوردستان بوو لە ناوچەكەدا .

ئاماژە بەوەشكراوە، دواتر گفتوگۆ دەربارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی شاندی دانوستاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كرا كە بەراسپاردە و سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك وەزیران بوون.

 ئەندامانی شاندەكە دوایین پێشكەوتنەكانی رەوشی دانوستاندن و گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆكان بە ئاراستەی رێككەوتن لە سەر پڕۆژە بودجەی فیدراڵ بۆ 2020 كە ئێستا لە قۆناخی ئامادەكردندایە لە لایەن وەزارەتی دارایی عیراق.  ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە لە بەرامبەر دابینكردنی تەواوی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەرەچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی هاوبەشی هەردولا. بڕیاریشە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستاندكار سەردانی بەغدا بكات .

 

پاشان ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری  راپۆرتێكی  خستەڕوو، دەربارەی میكانیزمی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە رێكخستن و یەكخستنەوە و گەڕاندنەوەی سەرجەم داهاتەكان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری و، پێداچوونەوەی تەرخانكراوی خەرجییەكان لەسەر بنەمای پێداویستی و كارە لە پێشینەكان . ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتەكەی پەسەند كرد و وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد كە ریكاری پێویست بۆ كەمكردنەوەی رووتینی خەرجكردنی پێشینەی وەزارەتەكان بگرێتەبەر، بە جۆرێك ئاسانكاری بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن كار و پرۆژەكانیان راپەڕێنن لە چوارچێوەی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانیان.

لە راگەیەندراوەكەی حكومەتدا هاتووە، ئینجا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، چەند روونكردنەوەیەكی پێویستی دەربارەی پڕۆژەی پێوەری ئاوی ماڵان خستەڕوو ، ئاماژەشی بەوەدا كە رۆژانە (2.1 ملیۆن مەتر سێجا ) ئاوی شیرین بەرهەم دەهێنرێت، كە تێچووی گشتی رۆژانە لە سەر حكومەت ( 840 ملیۆن دینارە) ، كەبەداخەوە رۆژانە ( 850 هەزار مەترسێجا) ئاوی پاكی خواردنەوە بە فیرۆ دەدرێت كەتێچووەكەی رۆژانە دەكاتە ( 340 ملیۆن دینار) و ساڵانە زیاتر لە 124 ملیار دینار ە ، ئەمەش دەبێتە بەفیرۆچوونی 40 مێگاواتی كارەبای رۆژانە .  

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی  بەردەوامبوونی پڕۆژەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵان دەكات و ، داواش لە هاووڵاتیان  دەكات كە بەرپرسیاریەتی پاراستنی ئاو لە ئەستۆبگرن كە سامانێكی نیشتمانییە و،  سنوورێكیش بۆ بەفیڕۆدانی ئاو دابنرێت، چونكە خەرجییەكی زۆر لە سەر حكومەت دەكەوێت.

لە راگەیەندراوەكەی حكومەتدا جەختیشكراوەتەوە، لەكۆتاییدا كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا روونكردنەوەی پێویستی بەداتا وزانیاری دا  لەبارەی كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بەهاووڵاتیان كە لەئەنجامی بەكارهێنانی زیاتر بەهۆی وەرزی زستان و ،  زیادەڕۆیی بۆ سەرتۆڕی كارەباوە دروست بووە. وەزیری كارەبا ئاماژە بە هەوڵەكانی وەزارەتەكەی دا لەمبارەیەوە ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە كۆبوونەوەی داهاتوو  گفتوگۆی زیاتر لە سەر پرسی كارەبا بكات.



PM:05:40:27/11/2019