هێزەکانی سوریا بۆردومانی هەسەدە دەکەن

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕژێمی سووریا بۆردوومانی هێزەكانی هەسەدەی لە رۆژئاوای كوردستان کرد و ڕایگەیاند "ڕێگە نادەن هەسەدە یەك دڵۆپ نەوتی سووریا بەقاچاخ بفرۆشن".

ئاژانسی هەواڵی "سانا"ی فەرمی حکومەتی سوریا بڵاویكردەوە كە "دوای ئەوەی هێزەکانیان چاودێری هێزەكانی هەسەدەیان كردووە لە ناوچەی جەزیرە، تانكەرە نەوت گوێزەرەوەكان و شوێنی پاڵاوتنی نەوتی سەر بە هێزەكانی هەسەدەیان كردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەی چیتر نەتوانن لە ڕێگەی جەرابلوسەوە بیگوازنەوە".

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە حکومەتی سوریا بڕیاریداوە لەمەودوا بەردەوام دەبێت لە چاودێریكردنی ناوچەكە و ڕێگە نادات جارێكی تر هێزەكانی هەسەدە هیچ نەوتێك لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ خۆیان ببەن.

ئاماژەشی بەوە داوە لە كاتێكدا هەسەدە توركیا بە دوژمنی خۆی دەزانێ، كەچی بە چاودێری و سەركردایەتیی ئەمریكا، نەوتی پێدەفرۆشێتەوە.

پێشتر ئەمریکا ڕایگەیاند هێزەكانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات دەهێڵێتەوە بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتیەكان ناوچەكە و پشتیوانیكردنی هەسەدە. 
 


PM:07:28:27/11/2019