ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ یەک شەممە ڕێککەوتی ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ شاندی باڵایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی پرسی نەوت و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ٢٠٢٠ سەردانی بەغداد بکات.

 

خالید شوانی، وه‌زیری هه‌رێمی کوردستان بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد  له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند" رێكه‌وتنی هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌ و په‌یوه‌ندی به‌كه‌سه‌كانه‌وه‌ نییه‌و پێش روداوه‌كان ناكه‌ون".

 

خالید شوانی لە لێدوانەکەیدا ئەوەشیخستەڕوو: شاندەكەی هەرێم دەچێتەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان و واژۆكردنی ڕێككەوتنە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان.

 

وه‌زیری هه‌رێمی کوردستان بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد وتیشی"هەرێم و بەغدا زۆر لەیەكەوە نزیكن و حكومەتی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر ئەوەدەربڕیوە ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات، لەبەرامبەریشدا بەغدا بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی ٢٠٢٠ ڕەوانەی هەرێم بكات".

 

٢٥ی ئەم مانگە، شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی پرسی نەوت و بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق کۆبونەوە، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەردولا گەیشتونەتە رێککەوتن و لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە هەرێمی کوردستان رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە بەرامبەر شایستە داراییەکانیدا.

 



 


AM:09:21:01/12/2019