نوێترین زانیاری لەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست

حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكو هەنگاوی یەكەم بڕیاری دا كە سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی .


محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكو هەنگاوی یەكەم بڕیاری دا كە سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی و ئێمەش لە پەرلەمان پڕۆژەیەكمان ئامادە كرد و خوێندنەوەی یەكەمیشمان بۆ كردووە، بۆ ئەوەی ئەوانەی دیكەش بكرێنە هەمیشەیی، بەڵام هێشتا ئێمە پڕۆژەیاساكەمان پەسەند نەكردووە، حكوومەتیش بڕیاری داوە كە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی گرێبەستن لە هەرێمی كوردستان لە هەموو دامودەزگاكان بكرێنە هەمیشەیی".

 
ئیلخانی باسی لەوەش كرد، لە ئێستادا رێنماییەكان دەرچوون و سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی.

 
كارمەندێكی شارەوانی، كە شەش ساڵە گرێبەستە بە ناوی محەمەد، بەو ماڵپەڕەی راگەیاندووە"بەڵێ بڕیار دراوە كە سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی و، داواش لەئێمە كراوە كە ئەوانەی گرێبەستن دەست بە مامەڵەكردن و پشكنینی خۆیان بكەن بۆ ئەوەی لە گرێبەستەوە بكرێنە هەمیشەیی، كە ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە و سوپاسی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە ئەو بڕیارە گرنگەی داوە، چونكە دەمێكە چاوەڕوانی ئەوە بووین ببینە هەمیشەیی، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پرسە دواكەوت و ئێستاش لە گرێبەستەوە دەبینە هەمیشەیی".




PM:07:34:01/12/2019