رۆژئاوای کوردستان دوو رۆژ ماتەم رادەگەیەنێت

 

ئەمڕۆ سێ شەممە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی جێبەجێکاری، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند" بۆ رۆحی شەهیدان و قوربانیانی بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر شارۆچکەی تەلرەفعەت، دوو ڕۆژ ماتەمینی ڕادەگەیەندرێت".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە ئێوارەى دوێنی دووشەممە لە رۆژئاواى کوردستان، سوپاى تورکیا تۆپبارانى ناوچەیەکى مەدەنى شارۆچکەى تەلرەفعەتى سەر بە هەرێمى عەفرینى کرد و بەهۆیەوە ١٠هاوڵاتى مەدەنى شەهیدبوون و ٢١ هاوڵاتى دیکەش برینداربون.

 

رێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" توشی ئەوپەڕی شۆک و دڵتەنگی بوین بە بیستنی هەواڵی کوژرانی هەشت منداڵ و برینداربونی ژمارەیەکی دیکە، بەهۆی هێرشی سەر شارۆچکەی تەلرەفعەتی باکوری حەڵەب". 



PM:12:40:03/12/2019