دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دواخرا

ئەمڕۆ چوار شەممە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان کۆبۆوە، بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکەش پێداچوونەوە بەچەند ماددەو بڕگەی یاسایی بەخاوەنکردنی زەوییە زێدەڕۆکان یەکێک لەتەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان دانیشتنەکە نزیکەی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دواخرا.

 

بەپێی زانیارییەکان، لەسەرەتای دانیشتنەكەدا ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان ڕەخنەی توندیان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان گرت بەوەی نەیانتوانیوە بەشێك لە وەزیر و بەرپرسانی حكومەت لەسەر چەند پرسێك بانگهێشتی پەرلەمانی كوردستان بكەن.

 

د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" بابەتی بانگهێشتكردنی وەزیر و بەرپرسانی حكومەت كاری سەرۆكایەتی نیە بەڵكو بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن بە واژووی ١٠ ئەندامی پەرلەمان  بانگهێشتی وەزیرەكان بكەن".

 

سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد" بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان بابەتی بەهەمیشەییكردنی گرێبەستەكان وەكو ڕێكلام و موزایەدەی سیاسی بەكاردێنن لەكاتێكدا دەیان پڕۆژە هەیە ٧٠ ڕۆژی بەسەردا تێپەڕیوە كەس قسەی لەسەرناكات".

 

ناوبراو وتیشی"  تا ئێستا ٢٢ پڕۆژە یاسا بۆ حكومەت نێردراوە و  ١٢ یان وڵامدراوەتەوە كە داوای ژمارە و زانیاری كراوە لەسەریان، بەشێك لەو پڕۆژە یاسایانەش ڕەهەندی داراییان هەیە و پێویستیان بە پێداچوونەوە و گفتوگۆی زیاترە".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە لە کۆبوو نەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بڕیار بوو بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی پەرلەمان، خوێندنەوە بکرێت بۆ پرۆژە یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنوری شارەوانییەکاندا زیادەڕەوییان لەسەر کراوە و بە بڕیاری ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٩ی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گەڕێندراوەتەوە بۆ پەرلەمان.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوەدا سەرۆکی هەرێم یاسای خانوە زیادەڕۆییەکانی واژوو نەکرد و گەڕاندیەوە بۆ پەرلەمان.



PM:02:47:04/12/2019