دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکاتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بەردەوامە لە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچە دەستپێبکاتەوە و ڕۆژی یەک شەممە دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلول بکرێت.

 

ئەمڕۆ چوار شەممە ڕێککەوتی ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پیشەوە و وەزارەتی سامانەسروشتییەکان پارە بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، ڕۆژی یەک شەممە ٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین".

 

سەرچاوەکە وتیشی" ڕۆژی یەک شەممە ٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ مووچەی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت و ڕۆژی دوو شەممە مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت".

 

ڕاشیگەیاند" ڕۆژی سێ شەممە مووچەی وەزارەتی تەندروستی و ڕۆژی چوار شەممە، مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دابەش دەکرێت، هاوکات ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو تر مووچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت، دواتر چاوەڕێی پارەکەی حکومەتی عێراقین بۆ ئەوەی لەسەر ئەوە ناوی وەزارەتەکانی دیکە ڕابگەیەنین".

 

وەزارەتی دارایی مانگانە بە دوو قۆناغ دەستبەدابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات، قۆناغی یەکەم پشت بە داهاتی نەتی فرۆشراو دەبەستێت، قۆناغی دووەمیش لەو پارەیە دابەشدەکرێت کە لە بەغداوە دەگاتە هەرێمی کوردستان.

 

بەپێی وتەی پەرلەمانتارانی کوردستان، کۆی مانگه‌که‌ هەرێمی کوردستان نزیکه‌ی ١٣ ملیۆن به‌رمیل نەوتی فرۆشتوە، ئه‌و پاره‌یەشی دراوه‌ به‌ وه‌زاره‌تی دارایی ٣٠٠ ملیۆن دۆلاره‌، "واتا له‌ هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت ته‌نیا ٢٢.٦٧ دۆلار شه‌ست دراوه‌ته‌ وه‌زاره‌تی دارایی".   

 



PM:03:05:04/12/2019