سەڵاحەدین دەمیرتاش شەشەمین خەڵاتی کاوە گەرمیانی پێبەخشرا

خەڵاتی شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی بەخشرایە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە، موزەیەن گیونیش، نوێنەری "هەدەپە" بە نوێنەرایەتی پارتەکەی خەڵاتەکەی وەرگرت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە قەزای کەلار شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیان بەڕێوەچوو تیایدا خەڵاتی کاوە گەرمیانی بەخشرا بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە.

ئازاد عوسمان بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگ رایگەیاند خەڵاتەكە بۆ تێکشکاندنی سنورەکانی نێوان نەتەوەکەمانەو بەخشینی خەڵاتەکە بە دەمیرتاش بۆ ئەوەیە چیتر سنورەکان نەمێنن و خەمی باشور ببێتە خەمی باکورو خەمی باکوریش خەمی پارچەکانی دیکە.

هاوکات موزەیەن گیونیش، نوێنەری (هەدەپە) بە نوێنەرایەتی پارتەکەی خەڵاتەکەی وەرگرت و لە لێدوانێکیشدا وتی"کاوە کەسێکی نیشتمان پەروەر بو، بۆ راستیەکان خۆی دەخستە مەترسیەوە، ئەوەش جێگەی رێز و پێزانینە".

گیونیش وتیشی"لە باکور هەزاران زیندانی هەیە تەنها لە پێناو ئەو تێکۆشانانەن کە خەڵکانی نیشتمان پارێز گرتویانەتە بەر".

هەر لەو مەراسیمەدا نامەیەکی سەڵاحەدین دەمیرتاش خوێندرایەوە کە لە زیندانەوە بۆ مەراسیمەکەی نوسیبوو، تێیدا سوپاسی ئامادەبوانی کرد بۆ بەخشینی خەڵاتی کاوە گەرمیانی بە ناوبراو.


PM:07:04:05/12/2019