چەمچەماڵ.. نوسینگەى پاسپۆرت دەکرێتەوە

ئەم شەو هەینی ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە ڕاگەیەندراوێکدا پاسپۆرتى سلێمانى رایگەیاند" وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی نوسینگەی پاسپۆرت چەمچەماڵ داوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات" لە ئێستادا ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی عیراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، بۆ کردنەوەی نوسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ ھەیە و شوێنەکەشی بۆ دیاری کراوە".

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە

 

لە دوای ھەوڵ و ماندووبونێکی بێووچانی زۆری ھەریەک لە بەڕێزان عەمیدی مافپەروەر( سالار عەبدوڵا ) بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی و ( ڕەمەک ڕەمەزان ) قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بۆ کردنەوەی نوسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ شاری شەھیدان و ئەنفال خۆشبەختانە بەڕێز وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ( ڕێبەر احمد ) رەزامەندی دا لەسەر کردنەوەی نوسینگەکە بە فەرمانی وەزاری ژمارە ( ٢١٦٧١ ) لە ( ١-١٢-٢٠١٩) کە کردنەوەی ئەم نوسینگەیە کار ئاسانیەکی زۆر بۆ ھاوڵاتیانی چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری دەکات کە لە شوێنی دانیشتنی خۆیان ببن بە خاوەنی پاسپۆرت.

 

شایەنی باس کردنە لەم کاتەدا ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانی ھەیە و شوێنەکەشی بۆ دیاری کراوە .

 

بۆیە لە دوای ئەم ڕەزامەندیەی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دەست دەکرێت بە ڕێکارەکانی کردنەوە کە یەکەم ھەنگاو لیژنەیەکی ھونەری لە بەغدادەوە دێن بۆ بڕیاردان لەسەر ڕادەی گونجاندنی شوێنەکە بۆ نوسینگەی پاسپۆرت، پاشان دوای پەسەند کردنی شوێنەکە لیژنەیەکی تر دێنە چەمچەماڵ بۆ بەستنی سیستەمەکە، وە سەرجەم پێداویستیەکانی سیستەمەکە و کەل و پەلی نوسینگەگە بە لیستێک ئامادەکراوە و خۆشبەختانە لە وەزارەتی ناوخۆیە بەمەبەستی كڕینی پێداویستیەکان و دابین کردنی.

 

لێرەوە مژدە دەدەینە ھاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە کە بە زووترین کات نوسینگەکە دەکرێتەوە و خزمەتی ھاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە دەکات.

 

راگەیاندن و پەیوەندیەکان



PM:11:08:06/12/2019