جەیمس جێفرى: ئەمەریکا پێزانینى زۆرى بۆ هێزى پێشمەرگە هەیە لە شەڕکردن لە دژى داعش

ئەمڕۆ شەممە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩  جەیمس جێفرى، نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ کاروبارى سوریا و نوێنەرى سەرۆکى ئەو وڵاتە لە هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژى داعش لە سەردانێکیدا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا کۆبوەوە و رایگەیاند" واشنتن شانازى بە کوردەوە دەکات و پابەندە بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان".

 

هاوکات لە پاش کۆبونەوەکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسانی وت" ئەمریکا پابەندە بە دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان".

 

هەروەهاجەیمس جێفری وتی" شانازی دەكەین بە قوربانیدانی ئێوە بەرامبەر داعش، ھیوادارم بەردەوام بین لە ھاوكاریی و ھەماھەنگی لەگەڵ یەكتر، نەك ھەر لە عێراق بەڵكو لە تەواوی ناوچەكە".

 

جێفری ئاماژەی بەوەشکرد" لە كۆبونەوەكەماندا بە ئامادەبونی چەند فەرماندەیەك باسمان لەوە كرد كە ھاوكارییەكانمان بۆ شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبێت".

 

سەردانەکەى جێفرى لەکاتێکدایە داعش لە جموجوڵ و سەرهەڵدانەوەدایە لە هەندێک ناوچە و هاوپەیمانانیش دەیانەوێت رێگە لەم جموجوڵانە بگرن و رێگە لە دوبارە سەرهەڵدانەوەى بگرن.

 
 

 

 

 


ئه‌م بابه‌ته ‌244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:01:07/12/2019