ئەمڕۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی لە نزیک بارەگای سەرۆکی ڕەوتی سەدر بەڕێوەدەچێت

لەکاتێکدا لە بەغداو شارەکانی باشوری عێراق خۆپیشاندان بەردەوامە، هاوکات ئەمڕۆ شەممە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە نزیک بارەگای رەوتی سەدر خۆپیشاندانی ملیۆنی بەڕێوەبچێت.

 

ساڵح محەمەد ئەلعراقی، کەسایەتی نزیک لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند" لە لایەنگران و پشتیوانانی موقتەدا سەدرەوەو داوایەکیان بەدەستر گەیشتووە کە خۆپیشاندانی ملیۆنی لە نزیک شوێنی مانەوەی موقتەدا سەدر لە ناوچەی حەنانە لە ناوەڕاستی شاری نەجەف بەڕێوەبچێت، رەزامەندیمان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە نیشانداوە".

 

لێدوانەکەی ساڵەح محەمەد لەکاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لەشاری نەجەف لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر ماڵی موقتەدا سەدر کەسایەتی سیاسی دیار و سەرکردەی رەوتی سەدر.

 

ساڵح ئەلعیراقی هۆكاری بۆردومانەكەی بۆ ئەوە گێڕایەوە كە شەوی رابردوو سەدر داوای لە كڵاو شینەكان كردووە پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بكەن كە ئەو بە "شۆڕشگێران" ناویان دەبات، پاش ئەوەی لەلایەن هێزێكی چەكدارەوە هێرش كرایە سەریان.

 

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازیی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون. 

 

 
 
.


PM:02:37:07/12/2019