سۆران عومەر: ئەوەی لە مەرزەکان دەگوزەرێت وەک شۆفڵ ئاودیوکردنەکەی ساڵی ١٩٩١ ە

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی ١٠٠ رۆژ بەسەر کابینەی نوێی حکومەتدا بە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەڵێت" ئەوەی لە مەرزەکان دەگوزەرێت وەک شۆفڵ ئاودیوکردنەکەی ساڵی ١٩٩١ ە".


لە نامەیەکی کراوەدا بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان" دڵنیام لە من باشتر دەزانن چی لە مەرزەکان دەگوزەرێ! دەزانن ئێستە گەڕاوینەتەوە ساڵی ١٩٩١ سەردەمی ئاودیوی شۆفڵ و مس و فافۆن! بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و دەروازە سنوریەکانمان بانگێشتی پەرلەمان کردوە دەڵێن ئێستە بەبازگەکان دەڵێن چاوداخەن تاکو قافڵە بارە ھێلکەو دوگە قاچاخەکە تێدەپەڕێ، کەتێدەپەڕێ دەڵێن چاوتان بکەنەوە!".



لەو نووسینەی پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵدا هاتووە" ئێوە باش دەزانن ئەوەی ئەم قاچاخی و تاڵانی و سەرانە وەرگرتن و ھێنانی ھێلکەو دوگە دەکات ھێزی چەکداری ھەیەو دەسەڵاتدارە، باشیش دەزانن براو ئامۆزای کێن! دەزانن ھەموو شەوو ڕۆژێک لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێز خانەوە ٤٠ سەیارەی بارھەڵگر ھێلکەو دوگ داخڵ دەکرێ بۆ ناوخۆو خواروی عێراق! بۆ ھەر بارھەڵگرێکی ھێلکە ١١ ھەزار دۆلارو بۆ ھەر بارھەڵگرێکی دووگ ٣٠ ھەزار دۆلار وەردەگرن! واتە شەوانە نزیک بە ٥٠٠ ھەزار دۆلار واتە ٥٠ دەفتەر دۆلار وەردەگرن بۆ داخڵ کردنی ھێلکەو دووگ".

 

 
سۆران عومەر وردەکاری زیاتر دەخاتەڕوو " تەنھا لەمانگی ٨ ی ئەمساڵ ١٢١٣ بەرھەڵگری ھێلکەیان داخڵ کردوە کە ١٣ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتوە! تەنھا لە ١/١٢/٢٠١٩ تاکو ئەمڕۆ ٧/١٢/٢٠١٩ تەنھا ٢٨٣ بارھەڵگر ھێلکەیان داخڵ کردوە. نازانن کێ ئەم کارە دەکات ؟ پێتان دەڵێم : کەسێکە بەناوی سۆران ئەمە ژمارەکەیەتی : 0751 183 4174 سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بە پاسەوانێکتان بڵێن تەلەفونی بۆ بکات باری ھێلکە بەچەند داخڵەکەی پێتەڵێ! بۆشت دێنێتە ئەو شوێنەی دەتەوێ! فەرموون ئەم فەزاحەت و پاشاگەردانیە ڕاگرن و ئەوەی مانگانە بەم کارە نایاساییە وەریانگرتوە لێیان وەرگرنەوەو دەستگیریان بکەن ! ئەوەشی کارئاسانی بۆ کردون و رەشوەی وەرگرتوە فەرموون دەستگیری بکەن و بیدەنە دادگا! ئەمە چاکسازی کابینەی نوێیە؟ ئەم فەزیحەو جەردەییە لە مەرزەکانی دیکەش وەک ئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەران بونی ھەیە بەناوو شێوازی جۆراوجۆر!".

 


بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێم نەیتوانیووە کۆنترۆڵی گەندەڵی لە دەروازە سنوریەکان بکات، لە ئێستاشدا زانیاریەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دۆخەکە بەشێوەیەکی گشتی خراپتربووە بەتایبەتی لە ناوچەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە. 




AM:12:08:08/12/2019