سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی دۆخی خۆپیشاندانەكانی عیراق و ئەو گرژییەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە بەغدا دروستبوو بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند" ئەو کوشتارەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی بەغدا دەکرێت تاوانى بێ پاساون".
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت" ئەو كوشتارەی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی سڤیل لە پردی سنەك و گۆڕپانی خللانی لە بەغدا كرا، تاوانی بێ پاساون و تاوانكاران هەر كێ و لە هەر لایەنێكەوە بن، دامودەزگا و لایەنە بەرپرسەكانی عێراق دەبێ بیاندۆزنەوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت".
دەقی ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان..
بە نیگەرانییەكی زۆرەوە لە بەردەوامیی رووداو و توندوتیژییەكانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەڕوانین. ئەو كوشتارەی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی سڤیل لە پردی سنەك و گۆڕپانی خللانی لە بەغدا كرا، تاوانی بێ پاساون و تاوانكاران هەر كێ و لە هەر لایەنێكەوە بن، دامودەزگا و لایەنە بەرپرسەكانی عێراق دەبێ بیاندۆزنەوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
لە كاتێكدا پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراستەی كەسوكاری قوربانییان دەكەین و هاوخەمیانین، هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین، دووپاتی دەكەینەوە كە خۆپیشاندانی ئاشتیانە و سڤیل، مافێكی دەستووریی ڕەوا و پارێزراوە و بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە ئەو زێدەڕۆییە لە توندوتیژی بەرانبەر بە خۆپیشاندەران بەكار بێت و بكرێنە ئامانجی دەستڕێژ و هێرشی لەوجۆرە.
ئەركی هەموو لایەكە بە گیانێكی نیشتمانیی بەرپرسیارانەوە، مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن تاكو لە دەست دەرنەچێت و پێشهاتی ترسناكتر ڕوونەدەن، چیتریش خوێن نەڕژێت و هەمووان لە چوارچێوەی یاسادا بجووڵێنەوە.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
7/12/2019