وادەی کۆتایی هاتنی شەپۆلی بەفر و باران دیاریکرا

 ئەم شەو یەکشەممە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەی عیراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت" شەپۆلی بەفر و باران تا دوو ڕۆژی دیكە بەردەوام و ڕۆژانی كۆتایی ئەم هەفتەیە كەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و پلەكانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن".

 

دەستەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە" ڕۆژانی دوو شەممە و سێ‌ شەممەی ئەم هەفتەیە شەپۆلی باران بارین لە زۆربەی ناوچەكانی عیراق و بەتایبەت هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و زۆر جار هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت".

 

ڕاشیگەیاندووە" كە لەناوچە شاخاوییەكانی هەرێم بەفر دەبارێت و پلەكانی گەرما زیاتر ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن". 

 

هەر بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی عێراق، ڕۆژانی كۆتایی ئەم هەفتەیە دۆخی كەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی هەندێك پەڵەهەور، بەڵام پلەكانی گەرما بە نزمی دەمێننەوە و خێرایی با مامناوەند دەبێت. 

 

هاوکات لای خۆشیەوە، صادق عەتیە، شارەزای كەشناسی عیراقی لە هەژماری فەڕمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" وتی" كە نزمە پاڵەپەستۆیەك كاریگەری لەسەر ناوچەكانی عیراق دروست كردووە و بەهۆیەوە لە ڕۆژانی دوو شەممە و سێ‌ شەممە شەپۆلێكی دیكەی بەفر و باران ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە".

 

ناوبراو جەختیشیکردەوە: ئەو شەپۆلە كاریگەری لەسەر ناوچەكانی ناوەڕاستی وڵات دەبێت، بەڵام كاریگەرییەكەی لەسەر ناوچەكانی باشوور لاوازترە.




PM:09:17:08/12/2019