بەڕێوەبەری پێشووی کەناڵی NRT و بێژەری کەناڵەکە شوان عادل دوای مانەوەی رۆژێک لە زیندان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازادکرا.
دوێنێ ٨ ی کانوونی یەکەم، شوان عادل بەڕێوەبەری پێشووی کەناڵی NRT بە فەرمانی دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی لەسەر داوایەکی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ٧ رۆژ دەستبەسەرکرا، دوای مانەوەی رۆژێک لە زیندان ئەمڕۆ ٩ ی کانوونی یەکەم بە کەفالەت ئازادکرا.
دەستگیرکردنی شوان عادل لە چوارچێوەی ژمارەیەک ڕێوشوێندایە کە ماوەی سێ مانگە لە هەرێم و بەتایبەتی لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان دژی رۆژنامەنووسان پیادە دەکرێت، کە زۆرێک لە شارەزایانی بواری دادگاکان ئەو فەرمانی دەستبەسەرکردنانە بۆ فەرمانی دادوەرەکە دەگێڕنەوە، لە کاتێکدا بڕگەی ٩ یاسای رۆژنامەوانی ساڵی ٢٠٠٧ بە هیچ جۆرێک دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسانی تێدا نەهاتووەو، سزای رۆژنامەنووس و رۆژنامەکە دوای ساغبوونەوەی تۆمەتەکە بە پارە کۆتایی دێت.