سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی چەند پرسێک دەکات

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەی چوارشەممە ڕێککەوتی ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە یاسای چاکسازیی لە خانەنشینی و مووچەو دەرماڵەو بەخشینەکان کۆبێتەوە. هاوکات سەرچاوەیەكی بەرپرس لە ئەنجومەنی وەزیران بە ماڵپەڕی "زەمەن"ی ڕاگەیاند" سبەینێ حکومەت یاسای چاکسازیی پەسەند دەکات".

 

سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بە "زەمەن"ی وت" دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو یەکێتی رازی نەبوو لەسەر بەشێکی پڕۆژەکە، بە پێداگریی سەرۆکی حکومەت ئەم چوارشەممەیە پڕۆژەکە دەبرێتە ناو کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و پەسەند دەکرێت، بە مەبەستی رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان".

 

دەشڵێت" بۆ ئەوەی پرۆژەكە بەزوویی لە پەرلەمانیش پەسەند بكرێت، وەزیرەكان بەكۆی دەنگ پەسەندی دەكەن بۆ ئەوەی فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمان دەنگی پێبدەن".

 

سەرچاوەکە سەبارەت بە نیگەرانییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت" یەکێتی نیگەرانە لەو بەشەی کە تایبەتە رێکخستنەوەی پێشمەرگە و پێداچوونەوە بە خەرجی و مووچەی هێزەکانی ٧٠، هەروەها نیگەرانە لە پێداچوونەوەی لیستی ئەو خانەنشینانەی پلەی باڵای سەربازییان پێدراوە".

 

سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای چاکسازیی بۆ ماڵپەڕی "زەمەن" ئاشکرا کرد و وتی" پڕۆژەکە ناوی (چاکسازیی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان-عێراق)ە و لە ٢١ ماددە پێکهاتووە، لە پڕۆژە نوێیەکەدا خانەنشینی پەرلەمانتارو وەزیر نامێنێت، جگە لەو كەسانەی تەمەنیان سەروو ٥٠ ساڵەو ١٥ساڵ خزمەتیان هەیە (هاوشێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق)".

 

هەروەها پێداچوونەوەی تەواوەتی بە خانەنشینی سەربازیی و پێشمەرگەدا دەکرێت و سەرجەم خانەنشینییە نایاساییەکان دەبڕدرێن، بەتایبەتی ئەوانەی بەدەر لە یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم‌و هەردوو یاسای رێزلێنانی پێشمەرگەو خانەنشینی پێشمەرگە (زێرەڤانی) خانەنشین کراون، جگە لەو كەسانەی بە فیعلی پێشمەرگەی دێرین بوون، ئەوانیش بە یاسای تایبەت بە خانەنشینی پێشمەرگەی دێرین خانەنشین دەكرێن.

 

بەپێی پڕۆژەی چاکسازیی، یەكەی ژمێریاری لە گشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە یەکەكانی (٧٠) و (٨٠) هەڵدەوەشێنرێنەوەو لە یەك یەكەی ژمێریارییدا کۆدەکرێنەوە، کە دەچنە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەو بەرنامەكان لەژێر وردبینی دیوانی چاودێری داراییدا دەبن.

 

هەروەها وردبینی لە لیستی پێشمەرگەدا دەکرێت و دۆسیەی كەسی بە هەموو پێداویستییە یاساییەكانیەوە بۆ هەر کەسێک دەکرێتەوە کە ناوی لە لیستی پێشمەرگەدا بێت، بەوشێوەیەش لیستی موچەی پێشمەرگە پاکدەکرێتەوە.

 

لەگەڵ دەستنیشانكردنی ژمارەی پاسەوان بۆ بارەگاو دامەزراوە حیزبیەكان‌و پاسەوانی خاوەن وەزیفە باڵاكان و بەرپرسانی باڵای حیزبەكان، بەپێی پەیڕەوێك لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت لەماوەی ٩٠رۆژدا، بەوشێوەیەش میلاكی زیادی پاسەوانەكان دەخرێتەوە سەر میلاكی دامەزراوە فەرمییەكان.

 

ئێستا حکومەت ٢٤جۆری دەرماڵە دەداتە فەرمانبەران، کە ٣ دەرماڵەیان جێگیرن و ٢١ دەرماڵەی ناجێگیر هەن، دەرماڵە جێگیرەکان (بڕوانامە، هاوسەر، منداڵ) دەستکاریی ناکرێن، بەڵام دەرماڵەکانی دیکە کە دەرماڵەی (پایە، مەترسی، شوێنی جوگرافی، پیشەیی، تایبەت، زانکۆیی، ئەندازیاریی، گواستنەوە، میوانداریی، نیشتەجێبوون..)‌ن دەستکاریی دەکرێن.

 

بەپێی زانیارییەکان، کۆی ئەو پارەیەی کە وەک موچەو دەرماڵە دەدرێتە فەرمانبەران، لە "سەدا ٤٤" ی موچەی بنەڕەتی و لە "سەدا ١٦" ی سێ دەرماڵە جێگیرەکەو لە "سەدا ٤٠" ی بۆ دەرماڵە ناجێگیرەکانە، لەم بەشەیاندا گۆڕانکاریی و پێداچوونەوە دەکرێت.

 

لەبارەی دەرماڵەکانیشەوە، لە پڕۆژەیاسای چاکسازییدا هاتووە: دەرماڵە تایبەت و دەرماڵەی ترسناكی لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج دەکرێت کە بە كردەیی لەو بوارەدا کاردەکەن و شایستەی ئەو دەرماڵەیەن، سەرجەم دەرماڵەکانی دیکەش بەپێی شایستەیی کارکردن رێکدەخرێنەوە.

 

خولی رابردوو پەرلەمانی کوردستان، یاسای چاكسازیی لە خانەنشینی و موچە‌و دەرماڵە‌و بەخشین و ئیمتیازاتەکان لە رۆژی ٢٧ی شووباتی ٢٠١٨ بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندکرد، راستەوخۆ دوای پەسەندکردنی و بەهۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و كاردانەوەی شەقام و خەڵك، چوار رۆژ دواتر، هەر خودی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی پێدرابوو بۆ رەتكردنەوەی یاساكان، یاساكەی رەتكردەوەو دووبارە ناردیەوە بۆ پەرلەمان، تا كۆتایی خولەكەش ئەو یاسایە گفتوگۆی لەسەر نەكراوە.

 

 

 



PM:01:46:10/12/2019