ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ دەقی بڕیاری حكومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە هەمیشەیی كردنی مامۆستایانی گرێبەست بڵاوکرایەوەو تێیدا هاتووە" مامۆستایانی گرێبەست بە مووچە و پلە و دەرماڵەی شایستە دەكرێنە هەمیشەیی".
بەپێی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كە کۆپیەکی دەست ماڵپەڕی "سپی" کەوتووە و ئاماژە بەوەکراوە" مامۆستایانی گرێبەست بە مووچە و پلە و دەرماڵەی شایستە دەكرێنە هەمیشەیی لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی پلەی وەزیفی و ئەركی دارایی لە ساڵی ٢٠٢٠بۆ دابین دەكات".
دەقی بڕیارەكە:
بڕیاری ژمارە 34 لە 6-11-2019
پشت بەست بە ئەحمامی ماددەی (8) لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارە (3)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو، لەبەر ڕۆشنایی كۆنووسی كۆبوونەوەی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (13) لە (6-11-2019) و ئاماژە بە كۆنووسی كۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەش لە بەڕێزان وەزیرانی (پەروەردە، دارایی و ئابووری، پلاندانان) پێكهاتبوو بە بڕیاری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئاسایی خۆی ژمارە (5) لە (4-9-2019) بە ڕەچاوكردنی ئەوەی مامۆستایانی گرێبەست ماوەی چەندین ساڵە لە بواری پەروەردەدا خزمەت دەكەن و پێداویستی بواری پەروەردەیان پڕكردۆتەوە بڕیار درا بە:
1- بە هەمیشەیی كردنی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە بە ناونیشان و مووچە و دەرماڵەی شایستە.
2- وەزارەتی دارایی و ئابووری پلەی وەزیفی تەرخانكراوی دارایی پێویست لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئاماژە پێكراوان لە بڕگەی (1)ی سەرەوە دابین دەكات لە ساڵی دارایی 2020.
3- سەبارەت بە ماوەی خزمەتی پێشووی ئاماژە پێكراوان لە بڕگەی (1)ی سەرەوە وەك مامۆستایانی گرێبەست، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەپێی شایستە بوونیان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان مامەڵەیان دەكات.
4- وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن