سۆران عومەر: حەپی سکچوونی ھاڕاوە دوو ھەزار دیناری پێدراوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند" لەشاری هەولێر دەرمانی سکچوون بەهاڕاوی وەک دەرمانی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێ بە ١٠٠٠ دۆلار".

 

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەڵێت" بەناوی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەوە حەپی هاڕاوی سكچون خراوەتە ناو قوتویەك كە ئاڵای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای لەسەرە كە هیچ بنەمایەكی نیە و لەكاتێكدا نرخی ئەو حەپە هاڕڕاوە دو هەزار دینارە، بەڵام بە نرخی یەك ملیۆن و دوسەد هەزار دینار بە نەخۆشانی شێرپەنجە فرۆشراوە".

 

ئەو پەرلەمانتارە هاوپێچ لەگەڵ گرتەیەكی ڤیدۆییدا دەرمانەكەی خستوەتە بەرچاوی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و وتی" دەرمانەكە بە شێوەیەكی نهێنی مامەڵەی پێوەدەكرێت و كەسوكاری نەخۆشانی شێرپەنجە بەدوایدا دەگەڕێن".

 


ئاماژە بەوەشدەكات" لە نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە ژمارەی تەلەفۆنی ئەو كەسە هەیە كە ئەو دەرمانەی لایە و دەتوانێت دەستەبەری بكات كە گوایە بە ئاسانی دەستینەخۆشەكان ناكەوێت".

 


هەر لەو بڵاوكراوەیەیدا سۆران عومەر رایگەیاندووە" دەرمانەكە لەنێوان كۆمەڵێك دەرمانی ساخته و رێگەپێنەدراو لەلایەن لێژنەی بەدواداچوون و چاودێری دەرمان کە پێکھاتوە لە دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان دەستیبەسەرداگیراوە، بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی تاوانی ڕێکخراو سەربە ئاژانسی پاراستن و  پۆلیسی شارەوانی هەولێریش لەو هەڵمەتەدا بەشداربوون".



PM:10:38:10/12/2019