" سپی" دەقی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی‌و مووچەو دەرماڵەی هەرێم بڵاودەکاتەوە

پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە، کە پەرلەمان و حکومەت و رای گشتی ماوەی سێ ساڵە بەخۆیەوە خەریککردووەو، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، سپی دەقەکەی بڵاودەکاتەوە.

 

لەو پرۆژەیەدا کە دانەیەکی دەست ماڵپەڕی " سپی "کەوتووە، تیایدا هاتووە" خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لەسەر بنەمای تەمەن و بڕوانامەو ساڵانی خزمەت رێکدەخرێتەوە".

لە بەشی یەکخستنی خانەنشینیدا هاتووە" سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی وزیران و جێگرەکانیان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکان و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و بریکارەکانی وەزارەت و ئەوانەی بەپلە ئەوانن و .. هتد تا بەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم دەگات، بەپێی خشتەی کارپێکراوی مووچە لە هەرێمی کوردستان و مووجەو دەرماڵەی هەردوو پلە بالآی ( ا)، (ب) وەردەگرن".

 

لە مادەی (٥) دا کە بەیەکێک لە مادە گرنگەکان هەژمار دەکرێت، هاتووە" هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی بە پلەی ( وەزیر )و ( بریکاری وەزارەت )و (راوێژکار)و (بەڕێوەبەری گشتی) وهەر پلەیەکی تری تایبەت بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە ریزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بوون پێش رێکەوتی ١٩٩١/٣/٥، و وەک رێزلێنانێک مووچەی خانەنشینیان بەو پلانە پێدراوە، لە بری ئەوە پێویستە دوای دڵنیابوون لە هەبوونی مەرج و پیداویستییەکان و وردبینیکردن و پاککردنەوەی لیستی ناوی ئەو پێشمەرگانە لە ناوی کەسانی نا شایستە، ئیتیازاتی دارایی شایستەیان بۆ دابین بکرێت".

 



PM:01:51:11/12/2019