ئەمەریکا هەڕەشە لە حەشدی شەعبی دەکات

بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکی هەڕەشە لە چەکدارانی حەشدی شەعبی دەکات کە بنکەکانیان کردۆتە ئامانج هێرشە سەربازیەکانیان.


ئاژانسی " رۆیتەرز " بڵاویکردەوە لەزاری 
بەرپرسێكی سەربازیی ئەمریكا كە ناوی ئاشکرا نەکردووە، رایگەیاندووە" ئەمریكا دەزانێت دوو میلیشیای چەكداری عێراقی هێرشە مووشەكیەكانیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە عێراق ئەنجام داوە".


ئەو ئاژانسە لەزاری بەرپرسەکەوە دەڵێت "بەرپرسەكە ئەوەشی گوتووە كە ئاكامی ئەم هێرشانە خراپ دەبێت و بە دڵی هیچ یەك لە دەسەڵاتدارانی عێراق نابێت".
بەرپرسە ئەمریکیەکە دەڵێت" ئەو میلیشیا عێراقیانەی هێرشەكانیان ئەنجام داوە، لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، ئەمەش بۆی هەیە دۆخێك بێنێتە ئاراوە كە لە كۆنترۆڵی عێراق دەربچێت".


بەرپرسە سەربازییە ئەمریكییەكە ئەوەی ڕوون كردووەتەوە كە لەمێژە بە تەقەی ئاژاوەگێڕانەوە راهاتوون، بەڵام جاران بە دەگمەن رووی دەدا، كەچی ئێستە دۆخەكە ئاڵۆز بووە، ڕێژەی ئەو مووشەكانەی بە كۆمەڵ و لە یەك كاتدا ئاراستەی بنكەكانیان دەكرێن زیادیان كردووە، ئەمەش ئەمریكا نیگەران دەكات.
هەروەها ئەوەی ئاشكرا كردووە كە بە پێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، بۆیان دەركەوتووە مووشەكەكان لەلایەن هەردوو میلیشیای حزبوڵا و عەسایبی ئەهلی حەقەوە ئاراستەی بنكە سەربازییەكانیان كراون.


بەوەش هەڕەشەی كردووە كە لە هەر ساتێكدا بۆی هەیە ئەم هێرشانە دۆخەكە بگۆڕن و ئیشەكە لەلایەن ئەمریكیەكانەوە یان لەلایەن میلیشیاكانەوە گەورە بێت.


لەم مانگەدا چەند هێرشێكی مووشەكی بۆ سەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەدی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای ئەنبار و بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا ئەنجام دران.
 


AM:12:13:12/12/2019