رێکخراوی ئاشتی‌و ئازادی پێشێلکاریەکانی سەر ئازادی بیروڕا لە ساڵی ٢٠١٩ دا بڵاودەکاتەوە، رەشنووسی ئەنجومەنی باڵاش رەتدەکاتەوە

رێکخراوی ئاشتی و ئازادی لەگەڵ راپۆرتی سالآنەیان لەسەر چاودێری ئازادی رادەبرین لە هەرێمی کوردستان، داوا دەکات رەشنووسی ئەنجومەنی بالآی میدیا رابگیرێت.

 

رێكخراوی ئاشتی وئازادی یه‌كێکە له‌ رێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كان كه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كارده‌كات له‌سه‌ر ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و پێكه‌وه‌ژیان و له‌و بواره‌دا چاودێری ره‌وشی ئازادی راده‌ربڕین ده‌كات، راپۆرتی سالآنەی خۆی ساڵی ٢٠١٩ لەسەر ئازادی رادەبڕین بڵاوکردەوە، هاوکات ژمارەیەک راسپاردە دەخاتە بەردەمی رای گشتی.

 

راپۆرتی رەوشی ئازادی رادەربڕین وگردبوونەوە لەهەرێمی كوردستان
ساڵی 2019ک

لە بری پێشەكی
ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی پێشێلكاری جۆراوجۆر دەبێـتەوە، بە یاسا و رێنمایی ناوخۆیی رێگری لە ئازادی رادەربڕین و كاری رێكخراوەیی لەبوارەكانی مافی خۆپیشاندان و ئازادی كاری سەندیكایی و یەكێتی و كۆمەڵە و سەنتەرەكان دەكرێت و پێشێلكاری روون و زەق بەهۆی جێبەجێ نەكردنی یاساكانی پەیوەست بە ئازادی رادەربڕین و كاریی رێكخراوەیی تۆمار كراوە.
جگە لە پێشێلكاری و رێگری یاسایی و جێبەجێ نەكردنی یاساكان وەكو خۆیان، لە واقیع و كاری رۆژنەدا ، رۆژنامەنوسانی كوردستان هێشتا رووبەڕووی پێشێلكاری زۆر و زەق دەبنەوەو مافەكانیان پێشێل دەكرێت.  دۆسیەی جێبەجێنەكردنی یاسای كاری رۆژنامەوانی و بەكارهێنانی یاسای بەكارهێنانی خراپی ئامرازەكانی پەیوەندی بۆ دادگاییكردنی رۆژنامەنووسان یەكێك بوو لە زەقترین ئەو ئامرازانەی بۆ پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕین لە ساڵی 2019 دا لە هەرێمی كوردستان بەكارهێنراوە. هەر لە ئەمساڵدا هەوڵی دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای میدیا بۆتە مەترسییەك لەلای رۆژنامەنوسانی ئازاد و چالاكوانانی بواری ئازادی رادەربڕین كە حكوومەت لەرێگای ئەو ئەنجوومەنەوە كاردەكات بۆ نەهێشتنی ئازادی كاری رۆژنامەوانی.
لە ساڵی 2019 دا لە بواری كاری رێكخراوەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكشەی لە تۆماری ئەلیكترۆنی رێكخراوەكان كرد،بەوەش یەكێك لەو دەستكەوتانەی لەدەستدا كە گەلێك جار بەنموونەی كرانەوە دادەنرا لە هەرێمی كوردستان و بە ئەزموونێكی سەركەتوو دادەنرا لەلایەن رێكخراوە جیهانییەكانی مافی مرۆڤەوە.جگە لەوەش بارقورسی زیاتری خستۆتە سەر رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێم و بەسەدان رێكخرای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەو بارقورسیانە زیانیان پێدەگات و دەبێتە هَی پاشەكشەی كاری رێكخراوەیی لە هەرێمی كوردستان.
لەبواری یاساییدا و بەتایبەت لەپرسی یاسای خۆپیشاندان هیچ پێشكەوتنێك نیە،لە مەیداندا رێگری بەردەوام لە خَپیشاندانەكان هەبووە لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان پێشێلكارییەكانی ئەو بوارەش تۆماركراون لەم راپۆرتەدا.یاسای مافی گەیشتن بەزانیاریش نە رێنماییەكانی جێبە جێكراون،نە هیچ تیشكێك خراوەتە سەری وێڕای ئەوەی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشكاوانە دەڵێت بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ پرسی مافی گەیشتن بە زانیاری دەكەن.
ئەم راپۆرتە پوختەی  دۆخی ئازادی رادەربڕین و كاری رێكخراوەییە لە هەرێمی كوردستان لەساڵی 2019دا، لەچوارچێوەی پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی ئازادی رادەربڕین و یاسا و رێنماییە نێوخۆییەكاندا، كە تیایدا تیشك خراوەتە سەر رەوشی ئازادی كاری رۆژنامەوانی و مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی شەقام و مافی بەدەستهێنای زانیاری و ئازادی كاری رێكخراو و كۆمەڵەكان.لەگەڵ خستنەڕووی چەندین پێشنیاز و بیروڕا بۆ پاڵپشتی لە ئازادی رادەربڕین و كاری رێكخراوەیی لە كوردستاندا.
كۆكردنەوەی زانیاری و داتاكان لەرێگەی تیمی چاودێری رێكخراو،هەروەها چاودێریكردنی كەناڵەكانی راگەیاندن و لایەنە پەیوەندیدارەكان بووە.شایەنی باسە ئەم راپۆرتە بەشێكە لەچالاكییەكانی پڕۆژەی فراوانكردنی رووبەری كاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كە رێكخراوی ئاشتی و ئازادی لەگەڵ رێكخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویجی ئەنجامی دەدەن بە پاڵپشتی ئاژانی پەرەپێدانی سویدی.

ناوەڕۆكی راپۆرت
راپۆرتەكە لە سێ بەش پێكدێت:
بەشی یەكەم: كۆی پێشێلكارییەكانی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019 كە لەم وردەكارییانە پێكدێت:
1- كۆی گشتی پێشێڵكاریەكان.
2- شوێنی پێشێڵكاریەكان.
3- دابەشكردنی پێشێڵكاریەكان بەپێی كات (مانگانە).
4- جۆری پێشێڵكاریەكان.
5- ئەو لایەن و كەسانەی پێشێڵكاری دژیان ئەنجام دراوە.
6- رەگەز و ژمارەی ئەو كەسانەی پێشێڵكاری دژیان ئەنجام دراوە.
7- ئەو لایەنەی پێشێڵكاری ئەنجام داوە.
بەشی دووەم:رەوشی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە كوردستان و روانینی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی بۆ چارەكردنی گرفتەكانیان
بەشی سێیەم: راسپاردە وپێشنیارەكان
بەشی یەكەم: كۆی پێشێلكارییەكانی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019

1-كۆی گشتی پێشێڵكاریەكان 
لە رێكەوتی 01\01\2019 تاكو 30\11\2019 كۆی كشتی پێشێڵكاریەكان (83) پێشێڵكاری رویداوە كە بەرانبەر بە (151) كەس و دەزگای راگەیاندن و رێكخراوانی كۆمەڵگەی مەدەنی و خۆپیشاندەر و  قوتابیان و چاڵاكوانان و ئەندامانی حزبی سیاسی. كە لەلای ئێمە وەك رێكخراوی ئاشتی و ئازادی تۆماركراون،بەڵام بۆی هەیە ژمارەكان زۆر زیاتر بن لەوەو ئێمە دەستمان بە زانیارییەكانی نەگەیشتبێ.وردەكاری زانیاری  هەموو ئەو كەیسانە لەلای رێكخراوی ئاشتی و ئازادی پارێزراون .

2- شوێنی رودانی پێشێڵكاریەكان بە پێ ی سنوری پارێزگاكان
پێشێلكاریەكان پۆلێن كراون بە پێ ی سنوری پارێزگاكانی ( دهۆك , هەولێر , سلێمانی و كەركوك), لە سنوری پارێزگای دهۆك 16 پێشێڵكار ی رویداوە كە دەكاتە ( 19.3 %), وە لە پارێزگای هەولێر 22 پێشێڵكاری رویداوە كە دەكاتە (26.5 %) , لە پارێزگای سڵێمانی 40 پێشێڵكاری رویداوە كە دەكاتە (48.2 %) وە لە كەركوك 5 پێشێڵكاری رویداوە كە دەكاتە (6 % ) .كو كۆی گشتی پێشێلكاریەكان دەكاتە 83 . 

Frequency Percent
Dahouk 16 19.3
Erbil 22 26.5
Sulaimaniah 40 48.2
Kirkuk 5 6.0
Total 83 100.0
3- دابەشكردنی پێشێڵكاریەكان بەپێی كات (مانگانە)
لە كۆی 83 پێشێڵكاری كەمترین پێشێڵكاری لە مانگی یەك دا (3) پێشێڵكاری بووە بە رێژەی (3.6 %) وە زۆرترین پێشێڵكاری لە مانگی هەشت دا (15) پێشێڵكاری بووە بە رێژەی (18,1).


Frequency Percent
  January 3 3.6
February 9 10.8
March 2 2.4
April 7 8.4
May 5 6.0
June 8 9.6
July 8 9.6
August 15 18.1
September 7 8.4
October 9 10.8
November 10 12.0
Total 83 100.0

 
4- جۆری پێشێڵكاریەكان
جۆری پێشێڵكاریەكان جیاوازن, وەك لە خوارەوە دیاری كراوە (1) جۆری كوشتن هەیە كە دەكاتە (1.2 % ), وە 24 حاڵەتی دەستگیركردن هەیە كە دەكاتە (28.9%), وە (5) حالەتی داخستنی كەناڵی راگەیاندن هەیە كە دەكاتە ( 6 %) , وە 18 حاڵەتی رێگركردن لە كاری رۆژنامەوانی هەبووە كە دەكاتە (21,7%) , وە 3 حالەتی ریگریكرن هەبووە لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە كە دەكاتە (3.6 %), وە 2 حاڵەتی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران هەبووە كە دەكاتە (2.4 %), وە (5) حاڵەتی هێرشكردنە سەر رۆژنامەنووسان و سوكایەتی پێكردن هەبووە كە دەكاتە (6%) , وە 25 حاڵەتی جیاجیا و هەڕەشەكردن و دورخستنەوەی رۆژامەنوسان هەبووە كە دەكاتە (30.1%). 


Frequency Percent
كوشتن 1 1.2
دەستگیركردن 24 28.9
داخستنی كەناڵی راگەیاندن 5 6.0
رێگری كردن لە كاری رۆژنامەوانی 18 21.7
رێگری كردن لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە 3 3.6
دەستگیركردنی خۆپیشاندەر 2 2.4
هێرشكردنە سەر رۆژنامەنووس \سوكایەتی پێكردن 5 6.0
هەرەشەكردن , دورخستنەوە , .......)) 25 30.1
كۆی گشتی 83 100.0
 
5-ئەو لایەن و كەسانەی پێشێڵكاری بەرانبەریان ئەنجام دراوە
(59) پێشێڵكاری بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان رویداوە كە دەكاتە (71.1%), وە (7) پێشێڵكاری بەرانبەر بە (دەزگای راگەیاندن و رێكخراوەكان) رویداوە كە دەكاتە (8.4%), وە (4) پێشێڵكاری بەرانبەر بە خۆپیشاندانەكان رویداوە كە دەكاتە ( 4,8%), وە 2 پێشێڵكاری بەرانبەر بە قوتابیان رویداوە كە دەكاتە (2,4%), وە (11) پێشێڵكاری بەرانبەر بە چاڵاكوانانی مەدەنی و ئەندامانی حزبی سیاسی و نوسەران و ..... رویداوە كە دەكاتە (13,3%).

Frequency Percent
رۆژنامەنووس 59 71.1
دەزگای راگەیاندن , رێكخراو 7 8.4
خۆپیشاندەر 4 4.8
قوتابی 2 2.4
جۆرەكانی تر(چالاكوانانی مەدەنی, ئەندامانی حزبی سیاسی ......) 11 13.3
كۆی گشتی 83 100.0

6- رەگەز و ژمارەی ئەو كەسانەی پێشێڵكاری دژیان ئەنجام دراوە
كۆی گشتی ئەو كەسانەی كە پێشێڵكاری دژیان ئەنجام دراوە ( 151 ) كەسن بەبێ‌ دەزگا و رێكخراو و كەناڵ و گروپ. رەگەزی ئەو كەسانە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
نێر: (140) رێژەی (92,72)
مێ : (11)  رێژەی (7,28) 
لە كۆی (151) كەس كە پێشێڵكاری دژیان ئەنجامدراوە (110) كەسیان رۆژنامەنووس و راگەیاندكار بوونە. 
7- ئەو لایەنانەی پێشێڵكاریان ئەنجام داوە 
ئەو پێشێڵكاریانەی كە لەلایەن حكومەتەوە ئەنجام دراوە (57) حاڵەتە كە دەكاتە (68,7%) لە كۆی (83) پێشێڵكاری وەك (هێزە ئەمنیكان و دام و دەزگا حكومیەكان.....). وە (6) پێشێڵكاری ئەو لایەنانەی لەژێر سەرپەرشتی حكومەت دان ئەنجامیان داوە كە دەكاتە (7,2%) وەك (ئەندامان و هێزە پاسەوانەكانی حزبە سیاسیەكان, كۆمپانیا ئەمنیەكان......), وە (20) پێشێڵكاری لایەنە ناحكومیەكان ئەنجامیان داوە كە دەكاتە (24.1%) وەك (لایەنە شاراوەكان , كەسایەتیە دیارەكان , ئاغاكان ......)

Frequency Percent
لایەنی حكومی 57 68.7
ئەو لایەنانەی لەژێر سەرپەرشتی حكومەت دان (حزبە سیاسیەكان,كۆمپانیای سیكیوریتیەكان, ....) 6 7.2
لایەنی ناحكومی 20 24.1
كۆی گشتی 83 100.0

بەشی دووەم:رەوشی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە كوردستان و روانینی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی بۆ چارەكردنی گرفتەكانیان

باكگراوندێكی  مێژوویی كورت لەبارەی رێكخراوی
 ناحكوومی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان
هەرێمی كوردستان لەوەتەی ساڵی 1992 ەوە گرنگییەكی تایبەتی دابوو بە  هەبوونی رێكخراوی نێودەوڵەتی و لقی رێكخراوی ناحكومی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان.ئەو گرنگییەشی لە چەند بوارێكدا جێگەكردبۆوە،بەنموونە شەشەم یاسا كە لە مێژوی حومكمڕانی هەرێمی كوردستان دەرچووبێت تایبەتە بە پارێزگاریكردن و پاراستنی كارمەندانی رێكخراوە نێودەوڵەتی و رێكخراوە مرۆڤایەتییەكان كە ئەویش یاسای ژمارە 6ی ساڵی 1992 ی پەرلەمانی كوردستانە كە تایبەتە بە پاراستنی كەسانی بیانی كە لە رێكخراوەكانی سەربەنەتەوەیەكگرتووەكان یاخود رێكخراوە مرۆڤایەتییەكانی لە هەرێم كاردەكەن.بەپێی بڕگەی (ا)ی ماددەی دووەمی ئەو یاسایە هەر كەسێك كارمەندێكی ئەو رێكخراوانە بكوژێت سزای ئیعدامی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.ئەوەش بەمەبەستی پاراستنی كەسانی بیانی و مانەوەیان لەهەرێم و گرنگی دان بە كارەكانیان لە 27 ساڵ بەرلەئێستا.
هەر بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە كاروباری رێكخراوی نێودەوڵەتی لەهەرێمی كوردستاندا.لە كابینەی یەكەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەزارەتێكی تایبەت بەناوی (وەزارەتی یارمەتی مرۆڤایەتی و هاوكاری )بوونی هەبوو بە پێی یاسای ژمارە 20ی ساڵی 1993  و بەتایبەتی لە ماددەی 4ی یاساكەدا بەروونی دەردەكەوێت كە ئەركی بنچینەیی ئەو وەزارەتە بریتی یە لە رێگەخۆشكردن بۆ هاتنی رێكخراوە نێودەوڵەتی و رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكان و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵیان و ئاسانكاری بۆ كارەكانیان.
كاتێك ساڵی 2011 یاسای ژمارەی 1ی رێكخراوە ناحكوومییەكان لە هەرێمی كوردستان دەرچوو ، لەگەڵ ئەوەی دەرگایەكی باش و گرنگی بەڕووی كاری رێكخراوە ناوخۆییەكانی كوردستا كردەوە لەهەمان كاتدا هەنگاوێكی دیكەش كاری رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكانی بردە پێشەوە بەوەی ئاسانكاری باش و روونی زیاتر لە تۆماركردن هاتە ئاراوە.هەر بەوەش ژمارەیەكی ئێجگار زۆری رێكخراوی ناحكومی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان تۆماركران ،بەبەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان ئاسانكاری زیاتریان پێشكەش دەكرا.تەنانەت لە بەغدا ئەو ئاسانكاریانە پێشكەش نەدەكران.بەڵام چەند ساڵێكە ئەو رێكخراوانە هەندێك بەربەست دەخرێتە بەردەمیان كە وایكردووە رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان ناڕەزایی دەرببڕن و كارەكانیان سست ببێت لە هەرێمی كوردستان .دیارە پاشەكشەكردن و سستبوونی كاری رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان.


گرفتەكانی بەردەم رێكخراوە ناحكوومییە
 نێودەوڵەتییەكان لەهەرێمی كوردستان
یەكەم: هۆكارە خوودییەكان
1-ئەو بەربەستانەی كە لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستانەوە دەخرێنە بەردەم كاری رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی و رێكخراوەكانی كوردستان بەگشتی ئەوەی كە تایبەتە بە (نوێكردنەوەی فەرمانی كارگێڕی)كە كراوەتە ساڵانە و پەیوەست كراوە بە لایەنی باجی داهات و پێشكەشكردنی راپۆرتەكانی چالاكی و دارایی ،لەكاتێكدا كە ئەم رێكارە لەهیچ شوێنێكی یاسای ژمارەی 1ی ساڵی 2011 ی رێكخراوە ناحكوومییەكان باس نەكراوەو،تەنانەت لە پەیڕەوی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكووییەكانیشدا ئەوەی كە لە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان ژمارە 135ی ساڵی 2011 دا بڵاوبۆتەوە هیچ ئاماژەیەك بە نوێكردنەوەی ساڵانەی فەرمانی كارگێڕی ناكات.تەنانەت وەك نەریتیش لە ساڵانی 2011 تاوەكو ساڵی 2016 ئەو نوێكردنەوەیە لەلایەن فەرمانگەوە بوونی نەبووەو،لەعێراقیشدا فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانی عێراق كار بەو رێكارە ناكەن.
2-ئەو بڕیارەی كە رۆژی 16ی ئوكتۆبەری 2019 فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان دەری كردووە ،جارێكی دیكە بارقورسی زیاتر دەخاتە ئەستۆی رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان بەوەی كە دەبێت تۆمارەكانی (بڕیارەكان،ئەندامان،ژمێریای،بنەڕەت)دابنێن و،كردە داراییەكانیان بەپێی سیستەمی عێراقی و لە تۆماری ژمێریاری رۆژانە دابنێن.ئەو بڕیارەش كۆمەڵێك گرفتی تێدایە:
أ-لەوەتەی دەرچوونی یاسای رێكخراوە ناحكومییەكان لەساڵی 2011 تاوەكو 16ی ئوكتوبەری 2019 واتە زیاتر لە 8 ساڵە ئەو داوایە لە رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكان نەكراوە ئەو تۆمارەیان هەبێت.
ب- ئەو بریارە هیچ ماوەیەكی نەداوە بە رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان تاوەكو  جێبەجێ بكەن،بەڵكو بەپێی بەدواداچوونی ئێمە بۆمان دەركەوت یەكسەر دەستیان بەجێبەجێكردن كردووەو،فەرمانی كارگێڕی ئەو رێكخراوانە نوێ ناكەنەوە ئەگەر كۆپی ئەو تۆمارانە نەبەن.
ج- لەڕووی كردەییەوە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە لەلای رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان ئاسان نەبێت،بەنموونە :
ج-1:تۆماری بڕیارەكان:كۆبوونەوەی دەستەی ئەو رێكخراوانە لەرێگای ئامرازە ئەلیكترۆنییەكانە و بە زمانی وڵاتەكانی خۆیانە،ئاسان نیە كە بتوانن بە زمانی كوردی ئەوە بخەنە سەر تۆماری بڕیارەكان.
ج-2:تۆماری ژمێریاری:رێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكان كاروباری داراییان لەرێگای پرۆگرامی ئەلیكترۆنی داراییەوە ریچكدەخەن بە سیستەمی وڵاتەكانی خۆیان كە پێشكەوتووترە لەوەی لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەیە.هەروەها بەشێك لەو رێكخراوانە بە پێی گرێبەستی كاركردنییان لەگەڵ پارەبەخشەكانیان ناتوانن زانیاری وردەكاری لایەنە داراییەكانیان بخەنە بەردەستی لایەنی سێیەم ،جگە لەوەی كە ئەوان بە زمانی ئینگلیزی داراریی خۆیان رێكدەخەن ئاسان نیە كە بیكەنە كوردی و بیخەنە سەرتۆماری ژمێریاری كە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان داوای دەكەن.
ج-3: تۆماری ئەندامان: بەشێكی زۆری ئەو رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییانە رێكخراوی پسپۆڕین و ئەندامیان نیە.هەروەها بەشێكیان كە ئەندامیان هەیە لە وڵاتەكەی خۆیانن نەك لە هەرێمی كوردستان.هەر بۆیە نووسینی ناوی ئەو ئەندامانە لەوكاتەی كە هیچ سوودێكی نیە بنووسرێت لە تۆمارەكە یاخود نە لەهەمان كاتدا بەشێكی زۆریشیان ناتوانن ئەو زانیاریانە هاوبەشی بكەن لەگەڵ هیچ لایەنەێكدا بەڵكو ئەوە تەنها كارێكی ناوخۆیی خۆیانە لە وڵاتەكانی خۆیاندا.
د-لەدوای ساڵی 2014 وە بەتایبەتی كە قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستان پەیدا بوو،بەمەبەستی دامەزراندنی ئەم كەس و ئەوی دیكە فشارخراوەتە سەر چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتی لەلایەن كەسانی دەستڕۆشتوو بۆ دامەزرادنی كەسە نزیكەكانیان لەكاتێكدا مەرجەكانی كاركردنی تێدانەبووە،یاخود كاتێك گرێبەستی ستافیكی ناوخۆیی لە گەڵ رێكخراوێك تەواو بووە پەنای بردۆتە بەر كەسانێكی (حزبی-حكومی)بۆ مانەوەو درێژكدنەوەی گرێبەستەكەی.لەو بوارەدا چەندین نموونە بەردەستن و دەستێوەردان لە كاروباری رێكخراوە ناحكووییە نێودەوڵەتییەكان كراوە.
دووم: هۆكارە بابەتییەكان
1-لەدوای پڕَسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە لە 25ی ئەیلوولی 2017 دا ،حكوومەتی عێراق لە رێگەی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانی عێراقەوە فشاری خستە سەر رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەوەی بارەگای سەرەكییان ببەنە بەغدا یان ئەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵی دایە.
2-كەم بوونەوەی تواناداركردن و پارە بەخشین بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن پارەبەخشەكان ،بەپێچەوانەوە ئێستا پارە بەخشەكان زیاتر جەخت دەكەنە سەر پارێزگای نەینەواو ئەنبار و سەلاحەددین و دیالە و هەندێك ناوچە لە كەركووك.


سوودەكانی هەبوونی رێكخراوی ناحكوومی
 نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان
1-سوودی سیاسی: هەبوونی رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستاندا،بۆ خۆی نیشاندانی كراوەیی و پابەندبوونی سیاسی هەرێم دەگەیەنێت بەبنەما جیهانییەكانی كاری رێكخراوەیی  وكاریی مرۆیی و رێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ .
2-سوودی ئابووری: لەرێگەی ئەو رێكخراوانەوە ساڵانە ملیارەها دۆلار دێتە ناو هەرێمی كوردستان بۆ بواری جیاجیا.ئێیستا سەدان كچ و كوڕی هەرێم كارمەندی ئەو رێكخراوانەن و مووچە وەردەگرن،سەدان خانوو سەیارە و كەل و پەل بەكرێگیاون لەلایەن ئەو رێكخراوانەوە.ملیۆنەها دۆلار لە بازاڕو هوتێل و چێشتخانە و...تد خەرج دەكەن كە دواجار ئەو پارەیە دێتە كوردستانەوە.جگە لەوەی كە سەدان پڕۆژەی بچووك و هاوكاری دارایی راستەوخۆ و...تد پێشكەش بە خەڵكی كوردستان دەكەن.
3-سوودی مرۆیی: لەكاتی لێقەوماندا بەتایبەتی لەم دواییانە كە لێشاویی ئاوارەیی رووی كردە هەرێمی كوردستان،ئەو رێكخراوانە جگە لەوەی كە هاوكارییەكی مرۆیی زۆریان هێنایە هەرێمەوەو شان بەشانی حكوومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان كاریان دەكرد وبگرە زیاتریش،نەك هەر ئەوەندە بەڵكو بەو پێیەی كە ئەوان ئەزموونی زۆیان لەوبوارانەدا هەیە باشتر و خێراتر كارەكان دەكەن،سەدان كوڕو كچی هەرێمیش لەوانەوە فێربوون.
4-تواناسازیی: رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان توانیویانە لەماوەی چەندین ساڵدا بەسەدان كەسی ئەم هەرێمە لە بواری جیاجیا و لە كوردستان یان لەوڵاتەكانی دەرەوە رابهێنن و تواناسازیان بۆ ئەنجام بدەن و وەك سامانێكی مرۆیی لەم وڵاتەدا بەجێیان هێشتوون و لەبواری جیاجیادا خزمەت دەكەن.
5-پەرەپێدان بە كۆمەڵگای مەدەنی كوردستانی: بەشێكی زۆری رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان لەماوەی كاركردنیاندا توانیویانە لە رێگای خوول و راهێنانەوە كاریگەری بخەنە سەر رەوتی گەشەكردنی كۆمەڵگای مەدەنی ودەیان سەرچاەی زانستیان لەبارەی كۆمەڵگای مەدەنییەوە خستۆتە بەردەستیان.هەروەها بەشێكی ئەو رێكخراوانەش لەرێگەی هاوبەشیكردنی رێكخراوە ناوخۆییەكانەوە كاریگەری زیاتریان لەو توانسازییەدا هەبووە.
جگە لەوانەش دەیان سوودی دیكەیان گەیاندووە بە هەرێمی كوردستان.

رێگاچارەكانی كاراكردنی رۆڵی رێكخراوە
 ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان لەهەرێمی كوردستان

1-راگرتنی بڕیارەكەی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستان كە لە رۆژی 16ی ئوكتۆبەری 2019دەرچووە بەوەی كە تۆمارەكان دابنێن.
2-فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستان هەوڵبدات بە زووترین كات رێنماییەكی تایبەت دەربكات لەبەر رۆشنایی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2011 كە تایبەت بێت بە تۆماری رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان و لەوێدا بەڕوونی رێكارەكانی تۆماری ئەوان روون بكاتەوەو،پرسی 4 تۆمارەكەی تێدا لابدات.تا ئەو كاتەی كە یاسایەكە هەمواردەكرێتەوە.
3-نەهێشتنی نوێكردنەوەی ساڵانەی فەرمانی كارگێڕی بۆ سەرجەم رێكخراوە ناحكومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان،لەبەر ئەوەی پێچەوانەی خوودی یاسای رێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستانە.
4-سەرلەنوێ كردنەوەی رێكاری تۆماری ئەلیكترۆنی كە یەكێك بوو لە دەستكەوتەكانی رەوتی كۆمەڵگای مەدەنی كوردستان.
5-رێگەگرتن لە دەستێوەردان لەكاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان وسزادانی سەرپێچیكاران.

بەشی سێیەم: راسپاردە وپێشنیارەكان

1-جێبەجێكردنی یاسای كاری رۆژنامەوانی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 وەكو خۆی.
2-تێكەڵنەكردنی پرسی دادگاییكردنی رۆژنامەنووسان بە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای بەكارهێنانی خراپی ئامرازەكانی پەیوەندی و كاركردنی بەسای كاری رۆژنامەوانی.
3-راگرتنی كاركردن بە رەشنووسی ئەنجوومەنی باڵای میدیا لەهەرێمی كوردستان.
4-سزادانی هەموو ئەو كەس و لایەنانەی كە تۆمەتبارن بە پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و كەناڵەكانی راگەیاندن.
5-بڵاوكردنەوەی رێنماییەكانی یاسای مافی گەیشتن بەزانیاری و پەلەكردن لە جێبەجێكردنی.
6-هەڵگرتنی بەربەستەكانی بەردەم تۆماركردنی رادیۆ و تەلەفزیۆنەكان و دانانی یاسایەكی هاوچەرخ لەبری ئەو رێنماییانەی كە لەو بوارەدا هەیە و رێگری لە ئازادی رادەربڕین دەكات.
7-لابردنی بەربەستە یاساییەكانی بەردەم ئازادی خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە هەرێمی كوردستان.
8-گەڕاندنەوەی تۆماری ئەلیكترونی رێكخراوە ناحكوومییەكان لە هەرێمی كوردستان.
9-لابردنی فشاركانی سەر رێكخراوەی بیانی و ناوخۆییەكان.






PM:02:13:12/12/2019