سیستانی هێرشیکردە سەر هەڵواسینی چەکدارەکە لە بەغدا
بەرگری لە خۆپیشاندەرانیش دەکات

ئەحمەد سافی، نوێنەری مەرجەعیەتی باڵای شیعەكانی عێراق، عەلی سیستانی لەگەڵ داکۆیکردن لە خۆپیشاندەران، هاوکات کوشتن و هەڵواسینی چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە مەیدانی " وەسبە " مەحکوم کرد.


 لە وتاری ئەمڕۆ هەینیدا، ئەحمەد سافی نوێنەری سیستانی رایگەیاند، هەمو ئەوانەی ئەو تاوانە دڕندانەی دوێنێیان ئەنجامدا لە گۆڕەپانی وەسبەی ناوەڕاستی بەغداد، دەبێت دەستگیربكرێن و روبەروی لێپرسینەوەی یاسایی و دادگا بكرێنەوە. ئەو روداوانە بەلارێدابردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی عێراقییەكانە لەپێناو دروستكردنی ناسەقامگیری ئاژاوەگێران كاردەكەن".



سافی ئاماژەی بۆ ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر داعشدا کردو وتی"چەند رۆژێك بەر لە ئێستا یادی دوساڵەی سەركەوتن بەسەر داعش بو، لەو سەركەوتنە گەورەیەی كە مێژو تۆماری كرد عێراقییەكان توانیان سەركەون بەسەر ئەم دوژمنەدا و ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵبكەنەوە كە داعش داگیری كردبو، ئەو رێكخراوە توانیبوی سێ ساڵ لەو ناوچانە بمێنەێتەوە كە قوربانی زۆری لێكەوتەوە."



نوێنەرەکەی سیستانی وتیشی،"عێراقییەكان توانیان چەندین وێنەی جوان بۆ پارێزگاری لە نیشتیمان نمایش بكەین، لەم بۆنە پیرۆزەدا جێگەی بەبیرهێنانەوەیە كە دەبێت ئەو شەهیدانەمان لەیادبێت كە خاكی ئەم وڵاتەینا بە خوێنی خۆیان ئاودا و گەیشتنە لوتكەی سەربەرزی، سەری رێزو وەفا دەنێرین بۆ كەسوكاریان و بۆ قوربانییەكانیان و پاراستنی وڵات لە دەستی رەشی تیرۆریستان و لەئێستادا بەدوای شانە نوستوەكانی ئەو رێكخراوانەوەن و سوپاسی و ستایشیان بۆ دەنێرین"


وتیشی،"دەبێت سوپا و تەواوی هێزە چەكدارەكان لەچوارچێوەی بنەما سەرەكییەكان كاربكەن و تەنها پابەندبون و باوەڕیان بە نیشتیمان هەبێت و دژی هەر دەستدرێژی و داگیركارییەكی بیانی بوەستنەوە و هەڵقوڵاوی گەل بن، دەبێت باری گوزەری ناوچە وێرانكراوەكان باشتر بكرێنەوە و ئاوەدان بكرێنەوە و خەڵكەكەی بگەڕێنرێنەوە".



نوێنەری سیستانی پەیامی بۆ عێراقییەكان ناردو وتی،"ئەی عێراقییەكان شەرێكی چارەنوسساز لەبەردەمتاندایە، ئەویش شەری چاكسازیە، لەپێناو روبەروبونەوەی گەندەڵی ئیداری هەوڵەكانتان یەكبخەن، پێشتریش مەرجەعیەت جەختی كردوەتەوە لەسەر ئەو شەڕەی كە دواكەوت و دەبو بەر لە دوساڵ ئەنجامبدرایە كە ئەویش شەڕی گەندەڵییە".



ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە خۆپیشاندانەكان بە ئاشتیانە بەڕێوەبچێت و چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدابێت و خۆپیشاندەران زیان بە دامەزراوە حكومییەكان نەگەیەنن.






PM:12:49:13/12/2019