ئەمڕۆ شەممە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ دادگای سودان بڕیاریدا بە ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر عومەر بەشیر، سەرۆكی پێشووی وڵات بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی.
بەپێی زانیارییەکان، دادگای تاوانەكانی تایبەت بە دادگایی كردنی عومەر بەشیر سەرۆكی لەسەركارلادراو، دانیشتنی خۆی سازكرد و بە تۆمەتی گەندەڵی دارایى، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر بەشیردا سەپاند.
هەر بەپێی زانیارییەکان، تیمی بەرگری رەخنە لە حوكمەكە گرت و رایگەیاند كە دادگاییەكە لە دۆخێكی ئاساییدا بەڕێوە نەچووە و بە بڕیارێكی سیاسی داناوە.
لە ١٩ی ئابی ئەمساڵدا یەکەمین دانیشتنی دادگایکردنی بەشیر بەڕێوەچوو، پێدەچێت ئەمڕۆ دادوەر بڕیار لەسەر دۆسیەکەی بدات.
دوای ڕووخانی دەسەڵاتەكەی، بەشیر بۆ گرتوخانەی كۆبەر گواسترایەوە كە پاسەوانییەكی توندی هەیە و پێشتر هەزاران زیندانی سیاسی لەخۆگرتبوو.
عومەر بەشیر لەساڵی ١٩٤٤ لەگوندێكی بچووك لەدایك بووە، كە پێیدەوترێت "حوش بانقا"و سەر بەهۆزی "ئەلبەدیرییە ئەلدەهشەمییە"و لەباكوور و رۆژئاوای سودان نیشتەجێن .
بەشیر یەكێك بووە لە فەرماندەكانی سوپا و بەرپرس بووە لەپرۆسەكانی باشوور دژی یاخیبوونی كۆچكردوو "جۆن قرنق"، لەساڵی ١٩٨٩ كودەتایەكی سەربازی بەسەر حكومەتی سەرۆك وەزیران سادق ئەلمەهدیدا كرد و پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی "شۆڕشی رزگاری نیشتمانی" سەرۆك وەزیران ، سەرۆك كۆماری بەیەكەوە وەرگرت.
لەوكاتەوە سودان هیچ هەڵبژاردنێكی سەرۆكایەتی بەڕێوە نەبرد تاوەكو ساڵی ٢٠١٠ ، كە تێیدا بەشیر سەركەوت ، ئەوەش دوای ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن بەتۆمەتی ئەوەی هەڵبژاردنەكان پاك نین لێیكشایەوە.
ساڵی ٢٠٠٥ بەشیر ڕێكەوتننامەی نیفاشای لەگەڵ كۆچكردوو جۆن قرنق سەرۆكی جوڵانەوەی میللی بۆ ئازادی سودان واژۆ كرد ، بەوەش شەڕی ئەهلی ٢١ ساڵەی سودان كۆتایی هات و درووست بوونی كۆماری باشووری سودانی لێكەوتەوە.
بەتۆمەتی تێوەگلان لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە دارفوور ، لە ساڵی ٢٠٠٩ وە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكانەوە فەرمانی دەستگیركردنی هەیە ، بەڵام ئەو لەڕێگای چەندین سەردانی فەرمی بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی تەحەددای ئەو بڕیارەی كرد.
لەبەرانبەردا بەشیر ئەو تۆمەتانەی لەلایەن داواكاری داگای نێودەوڵەتی تاوانەكان دادوەری ئەرجەنتینی لویس مۆرینۆ ئۆكامبۆ ئاراستەی كرابوون رەتكردەوە ، كە لەچەندین بۆنەدا باسی لەوە كردبوو كە بەڵگەی حاشاهەڵنەگری لایە لەسەر تێوەگلانی بەشیر لە تاوانەكای جەنگ
ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتیانەی بوونە هۆی لەسەركارلادانی بەشیر تاكە خۆپیشاندان نەبوون كە دژی بەشیر بەڕێوەچوون ، بەڵكو لە سێپتەمبەری ساڵی ٢٠١٣ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ماددە خۆراكییەكان و خراپی رەوشی بژیوی خەڵك ، خۆپیشاندانی میللی بەرفراوان دژ بە دەسەڵاتەكەی بەڕێوەچوون .
وەك هەوڵێك بۆ دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكان ، بەشیر بەڵێنی ئەوەی بە گەلی سوداندا كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٥ دا خۆی ناپاڵێویتەوە ، بەڵام بەڵێنەكەی نەبردە سەر .