ئەمڕۆ سێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كەی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌ و تەوەرەکانی کۆبونەوەکە تایبەت دەبن بە تاوتوێکردنی بارودۆخی هەرێمی ‏کوردستان و عێراق.‏
 

 

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە، لە باڵەخانەى سەرۆکایەتى هەرێم هەرسێ سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەت و پەرلەمان کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک کۆدەبنەوە، کۆبونەکە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێک، لەنێویاندا پرسى پڕۆژە یاساى چاکسازیى کە لەئێستادا لە پەرلەمانى کوردستانە، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی عێراق و کوردستان دەکرێت.

 

سێ سەرۆکایەتییەکی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا کۆدەبنەوە، عێراق لەسەروبەندی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێدایە و خۆپیشاندانەکانی بەغدا و هەندێک لە پارێزگاکانی دیکەش بەردەوامن.

 

هاوکات لەلایەکی تریشەوە رۆژى ١١ى ئەم مانگە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم "پڕۆژەیاساى چاکساى لە خانەنشین و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان"ى رەوانەى پەرلەمانى کوردستان کرد و ئەمڕۆ خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا و لەسەر داواکاریى فراکسیۆنى گۆڕان سیفەتى "بەپەلەیى" درایە، بەوپێیەش لەماوەی (٢٤) سەعات بۆ هەفتەیەک لیژنەی یاسایی راپۆرتی خۆی لەسەر ئامادە دەکات بۆ خوێندنەوەی دووەم.



AM:09:28:17/12/2019