هەولێر.. پیاوێک پاش کوشتنی هاوسەرەکەی و خەسوی خۆی کوشت

لە گەڕەکی تەیراوەی هەولێر، پیاوێک بە هۆی کێشەى کۆمەڵایەتییەوە هاوسەرەکەی و خەسوی کوشت و پاشان خۆشی کوشتووە.

 

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ پیاوێکی تەمەن ٣٤ ساڵ کە پیشەی کاسب بووە، لە گەڕەکی تەیراوای شاری هەولێر، پاش ئەوەی دەبێتە دەنگە دەنگی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، بە چەکی کڵاشینکۆف هاوسەرەکەی و خەسوی کوشتووە، دوابەدوای ئەوەش خۆی کوشتووە.

 

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند" سەرەتا کەسی بکوژ خێزان و خەسوی کوشتووە و دواتر خۆی کوشتووە".

 

وتیشی" لە ئێستادا پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە".

 

هاوکات برای تۆمەتبارەکە ئاماژەی بەوەکرد" بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە و چەند جارێکیش کەسوکاری خێزانەکەی لە پیاوەکەیان لەدەستداوە و چەند مانگێکە خێزانەکەی لەگەڵیدا ناژی و پاش ئەوەی ئەمڕۆ هاتووەتەوە منداڵەکەی بەرێتەوە، بووەتە دەنگە دەنگییان".



PM:08:15:17/12/2019