ئەبوبەکر عەلی کاروانی بەڕەسمی خۆکاندید کردنی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ڕاگەیاند

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەبوبەکر عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو ڕایگەیاند" لە سۆنگەی هەستکردن بە لێپرسراوێتی و دوای راوێژکردن لەگەڵ دەیان سەرکردەی یەکگرتوو بڕیاریداوە خۆی بۆ ئەمینداری یەکگرتوو کاندید بکات".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەبوبەکر عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەکردووە" لەژێر دروشمی (هەموومان پێکەوە لەپێناو هەڵسانەوە ‌و نوێكردنەوەی یەكگرتوودا) خۆی کاندید کردووە".

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە..

 

بِسْمِ اللهِ الرَّحْمنِ الرَّحِيمِ

( إِنْ أُرِيدُ إِلَّا ٱلْإِصْلَٰحَ مَا ٱسْتَطَعْتُ ۚ وَمَا تَوْفِيقِىٓ إِلَّا بِٱللَّهِ ۚ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ)

خوشك ‌وبرایانی خۆشەویست؛

رِێكخستنەكان ‌وجەماوەری یەكگرتوو؛

ئەندامانی كۆنگرەی هەشتی بەڕێز؛

سڵاوی خواتان لێ‌ بێت..

براتان لە سۆنگەی هەستكردن بە لێپرسراوێتی بەرامبەر خوشك ‌و براكانی‌ و چارەنووس‌ و ئایندەی یەكگرتوو، هەروەها دوای راوێژكردن بە دەیان سەركردە‌ و كاديری مەیدانی لە سەراسەری هەرێم‌ و داواكاری (90%)ی زیاتری ئەوان بۆ لێپرسراوێتی لە ئەستۆگرتن‌ و خۆپاڵاوتن ،

پشت بەخوا و بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتر به یەكگرتوو ،كە بەرەنجامی رەنجی هاوبەشی دەیان ساڵەمانە‌ و لەوێشەوە خزمەت بە تەوژمی ئیسلامی ‌و ئیسڵاحیی كوردستان ‌و گەلە خۆشەویستەكەمان، لەژێر دروشمی (هەموومان پێکەوە لەپێناو هەڵسانەوە ‌و نوێكردنەوەی یەكگرتوودا) خۆپاڵاوتنمان بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی حیزب ڕادەگەیەنین.

خوشك‌ و برایانی بەڕێز..

گەرچی دەزانین ، لە سۆنگەی دۆخی دارایی ‌و سیاسی‌ و جەماوەری ‌و دەعەوی نەخوازراوی یەكگرتوو، هەروەها هەستیاری قۆناغەكە لەسەر ئاستی عێراق ‌و ناوچەكە سەبارەت بە ئیسلامیەكان، خۆخستنە بەردەم لێپرسراوێتی یەكی لەم جۆرە قورسە.

بەڵام لە هەمان کاتدا ئەركێكی شەرعی و ئەخلاقيیە.

باوەڕیشمان وایە:

سەختی ‌و دژواریەكان هەرچەند زۆر بن، پشت بەخوا و پێكەوە دەتوانین بەرگەیان بگرین‌ و لە بەرامبەریان نەچەمینەوە.

ئامانجەكان چەند گەورە بن دەتوانین پێكەوە بەدیان بهێنین.

رێگریەكان هەرچەندێ‌ بن ،پێكەوە ‌و بە یارمەتی خوای گەورە دەتوانین لایان بەرین‌ و بەسەریاندا زاڵ بین.

لێرەشەوە و لەم ڕوانگەوە ، رووی دەمم دەكەمە مامۆستایانی قەدرگران ‌و بەئەزموون ، زانایانی بەڕێز، خوشكانی سەربەرز، لاوانی خوێن گەرم‌ و دڵپڕ لە ئومێد‌ و حەسرەت‌ و خوازیاری گۆڕانكاری ‌و نوێبوونەوە، تەواوی ئەندامان ، بەتایبەتیش ئەندامانی كۆنگرەی هەشت، با پێكەوە بۆ هەڵسانەوەی یەکگرتوو، لێپرسراوێتی لە ئەستۆ بگرین.

نەترسانە ‌و لێپرسراوانە، كار بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری بكەین. تاكو یەکگرتوو لەم دۆخە نەخوازراوە رزگاری بكەین‌ و بیخەینەوە سەر رێچكەی سروشتیی گەشەكردنی خۆی.

با هێز ‌و گوڕ‌وتین ‌و سەرفرازی بۆ یەكگرتوو بگێڕینەوە..

ئەو شتەی لەڕابردوو بە تایبەتیش لە نەوەدەكاندا پێ‌ی دەناسرایەوە، بەو جۆرەی بارودۆخی ئێستای وڵاتەكەمان دەیخوازێت، ئەو كاتانەی یەكگرتوو رەمزی ئومێد و مەشخەڵی ژیانێكی ئەخلاقی ‌ بۆ هەزاران گەنج و نەوە ی نوێی وڵاتەكەمان ناسنامەو ڕێنیشاندەربوو.. ئەو نەوەیەی شەڕ‌و هەژاری‌ و بەدبەختی نائومێدی كردبوو.. یەکگرتووش مانی هەستکردن بە مانای ژیان وخودو هیوا ی بەدواڕۆژێکی باشتر پێ دەبەخشین.

هەر لێرەشەوە دەخوازین ئەوە بیر سەرجەم خوشكان‌ و برایان بێنینەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی پشتیوانی لە ئێمە‌ و پرۆژەی هەڵسانەوە ‌و نوێكردنەوەی یەكگرتوو دەكەن. خۆ لە هەموو گوفتار‌و رەفتارێك بەدوور بگرن، لەگەڵ بنەما ئیسلامی‌ و ئەخلاقیەكان ناكۆكن‌ و خۆیان بە ئەخلاقی مونافەسەیەكی باڵا بڕازێننەوە.

هەڵبەت ئەمە ناكۆك نیە لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئەدای رابردووی سەركردە ‌و سەركردایەتی ‌و دام‌و دەزگاكان‌ و رەخنە لێگرتنیان، یاخود دەست خستتنە سەر برین‌ و كێشەكان، چونكە ئەوە مافی ئەندامە، تەنانەت لەبەردەم كۆنگرەدا کەوێستگەی بەخۆداچوونەوەو هەڵسەنگاندنی ڕابردوو گۆڕانکاری ونوێبوونەوەی هەرحیزبێکە، وەیەكگرتووەكان چارەنووسی خۆیان بۆ چەند ساڵی داهاتوو تیایدا دیاری دەكەن، ئەركە .

بەڵكو هەموو ئەوەی ئێمە لەم بارەوە دەیڵێین ئەوەیەکە:

ئەم مافە لە چوارچێوەی بنەما ئیسلامی ‌و ئەخلاقی‌ و مەدەنیەكاندا پیادە بكەین. بۆ ئەوەی نموونەیەكی جوانی كێبڕكێ‌ پێشكەش بە كۆمەڵگە‌ و دەوروبەرمان بكەین. هەروەها كارێ‌ بكەین، كۆنگرەیەك ئەنجام بدەین لە ئاست خواستی ئەندامان ‌و ئەرك ‌و تەحەدیاتەكانی قۆناغەکەو چاوەڕوانی کۆمەڵدا بێت..

خوای گەورە سەركەوتوومان كات بۆ هەرشتێك خێری گەلەكەمان ‌و یەكگرتوو دنیا ‌و دواڕۆژی هەمووانی تێدایە. مەلی نائومێدی لەسەر درەختی دڵتان دەرکەن وبە هۆشێکی کراوەوە سەیری دونیاو ئایندەو پڕۆژەکان وکەسەکان ودەوروبەرکەن.

براتان

ئەبوبەكر عەلی كاروانی

18/12/2019



AM:12:06:20/12/2019