" سپی " رێککەوتنی باڵە ناکۆکەکانی یەکێتی لەسەر دابەشکردنی دەستە سەرکردایەتیەکان بڵاودەکاتەوە

تا ئێستا بڕیارە سبەی شەممە ٢١ی کانوونی یەکەم لە سلێمانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی سازبکرێت، بڕیارە سبەی کۆنگرە سێ دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت، ماڵپەڕی "سپی" ناوی ئەو کەسانەی بڵاودەکاتەوە کە بۆ ئەو دەستانە تەوافقی لەسەر کراوە.

 


بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەووتووە، لە کۆنگرەدا سبەی، سێ دەسەڵات هەڵدەبژێردرێت یەكەم: دەسەڵاتی چاودێری‌و رێسادانان بەناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی. دووەم: دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە پێكدێت لەدەستەی سەرۆكایەتی‌و دەستەی جێبەجێكردن. سێیەم: دەسەڵاتی دادی( تەحكیم) كە پێكدێت لەدەستەی پاراستنی قەوارەی ( ی. ن. ك).

 


دەربارەی دەسەڵاتی دادی کە زیاتر پێکدێت لە دەستەی پاراستنی قەوارەی یەکێتی، باڵە جیاجیاکانی یەکێتی رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ئەم دەستەیە کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتی دەکات و هەریەک لە " عومەر فەتاح و مەلا بەختیار و حاکم قادر و دلێری سەید مەجیدو ئەرسەلان بایز ئەندامی ئەو دەستەیە دەبن.
بەپێی زانیاریەکانی سپی، سبەی لە کۆنگرەدا ئەو ناوانە پێشنیار دەکرێنە سەر کۆنگرەو ئەوانیش بڕیاری لەسەر دەدەن.

 


هەروەها سبەی کۆنگرە ١٢١ ئەندام وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی هەڵدەبژێرێت کە ئەوان بەرپرس دەبن سیاسەتی گشتی و چاودێری و رێسا دادان بۆ یەکێتی، لە نێو ئەم ١٢١ ئەندامە هەڵبژێردراوەدا دەستەیەکی جێبەجێکار هاوشێوەی مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێریت و هەریەک لەوانە بەرپرسی ئۆرگانەکانی یەکێتی دەبن، هاوکات ئەو دەستەیە سەرۆکێک بۆخۆی هەڵدەبژێرێت، تا ئێستا لەنێو باڵەکانی یەکێتی دا بۆ سەرۆکایەتیکردنی ئەو پۆستە ناوی بەرهەم ساڵح دێت. 

 

 
کۆنگرەکە داخراو دەبێت و رێگا بە میدیاکان نادرێت رووپێووی کۆنگرە بکات.

 

 
کۆنگرەکە لە پێشەنگای سلێمانی سازدەکرێت لە رۆژئاوای سلێمانی لە ناوچەی تاسلوجە.

 


PM:10:54:20/12/2019