پەرلەمانتارێک: پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی پێشمەرگەدا دەکرێت

سەرۆکی لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" لەژێر ڕۆشنایی یاسای چاكسازییدا پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی پێشمەرگەدا دەكرێت".

 

ڕێڤینگ هرووری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بۆ سەرجەم پێشمەرگەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بە یەكەی ٧٠ و ٨٠یشەوە یەك یەكەی ژمێریاریان بۆ دەكرێتەوە. پێداچوونەوەش بە لیستی مووچەی پێشمەرگەدا دەكرێت".

 

سەبارەت بە مووچەی پلە باڵاكان، ڕێڤینگ هرووری وتی" پێداچوونەوە بۆ مووچەی پلە باڵاكان دەكرێت، چونكە زۆرن ئەوانەی بە پلەی بەرز خانەنشینكراون و پێشمەرگە نەبوون، یانیش ئەو پلەیەی پێی خانەنشینكراون بەرزە. بە هەموو شێوەیەك خانەنشینییەكە بەجۆرێك دەبێت كەسانی شایستە مافخوراو نەبن".

 

 لەبارەی دەرماڵەی بڕوانامە و منداڵ و خێزان، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ڕاشیگەیاند" پێشتر خەرجکردنی ئەو دەرماڵەیە بۆ پێشمەرگە بە بڕیارێک وەستابو، دەکرێت بە رێنمایی جارێکی دیکە دەستی پێبکرێتەوە".

 

جێی باسە ڕۆژی ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی كرد كە لە ١٩ ماددە پێكهاتووە، دواتر ئاڕاستەی حەوت لیژنەی تایبەتمەند لە پەرلەمانی كرد تائەوانیش گفتوگۆی لەسەر بكەن و ڕاپۆرت و تێبینی خۆیانی لەسەر بدەن. لەنێو ئەو لیژنانەی ڕاسپێدراون ڕاپۆرتی خۆیان لەوبارەوە ئامادەبكەن لیژنەی پێشمەرگەیە.

 


AM:12:10:23/12/2019