لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا چارەنووسی بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆمار یەکلایی دەبێتەوە

دۆخی سیاسی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئاسایی نییەو فشارێکی زۆری لایەنگرانی کاندیدکردنی " قوسەی سوهەیل " دژە کاندیدکردنی لەسەرەو ئەگەر زۆرە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دەستلەکاربکێشێتەوە.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، بەرهەم ساڵح کەوتۆتە ژێر فشارێکی زۆری ئێران و ئەو لیستە عێراقییانەوە کە " قوسەی سوهەیل" یان پێشنیارکردووە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هاوکات لەلایەن لیستەکەی موقتەدا سەدر ( سائیرون ) و خۆپیشاندەرانی عێراقیشەوە لە ژێر گووشاردایە تا " قووسەی سوهەیل" رانەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

 

دەربارەی چارەنووسی سیاسی بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆمار، بەپێی زانیاریەکانی سپی لە چەند کاتژمێری داهاتوو و سبەی سێ شەممە، بەرهەم ساڵح خۆی یەکلایی دەکاتەوەو، ئەگەر زۆرە کە دەستلەکاربکێشێتەوە.

 

" سپی " زانیوویەتی بەرهەم ساڵح لەلایەن ئێرانییەکانەوە فشارێکی هەمەلایەنەی زۆری لەسەرە کە "قوسەی سوهەیل" راسپێرێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی کابینەی نوێ، لە حاڵەتی قبوڵکردنی قوسەی " سوهەیل" دا، بەرهەم دەکەوێتە بەرەی دژی خۆپیشاندەران و موقتەدا سەدر و چەند لیستێکی تر و، بە ناڕاستەوخۆ ئەمەریکاش، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر پەسەندی نەکات تا چوار شەممە، ئەوا بەرهەم ساڵح دەکەوێتە بەرەی دژە ئێران و لیستە گەورەکانی پەرلەمانی عێراق و گرووپە جیاجیاکانی حەشدی شەعبیەوە.

 

ئەو فراکسیۆنانی پشتگیری کاندیدکردنی قوسەی سووهەیل دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ( دەوڵەتی یاسا نوری مالکی، فەتح هادی عامری، هاوپەیمانی هێزەکان حەلبوسی، هاوپەیمانی گرێبەستی نیشتمانی فالح فەیاز، هاوپەیمانی میحوەری عەرەبی خەمیس خەنجەر، قتیبە جەبوری).

 

هەرچی ئەو لیستانەی دژی کاندیدکردنی " قوسەی سوهەیل "ن ( کوتلەی سائیرون موقتەدا سەدر، حیکمە عەمار حەکیم، هاوپەیمانی نەسر، حیدەر عەبادی ).

 

ئێران پشیتگیری قوسەی سوهەیل دەکات، بە پێچەوانەوە ئەمەریکا دژیەتی.

 

بەپێی زانیاریەکانی سپی میدیا کاتژمێرەکانی داهاتوو تا رۆژی چوار شەممە، چارەنووسی سیاسی بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆمار یەکلایی دەبێتەوە.

 

 

 

 



PM:06:05:23/12/2019