دووکان.. نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەکرێت

ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا قایمقامییەتی قەزای دوكان ڕایگەیاند" سبەی سێشەممە بەشە نەوتی پێویست دەگاتە سنووری شارۆچکەی دووکان و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت".

 

سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دووكان ڕایدەگەیەنێت" دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەشە نەوت گەیەندرایە هاووڵاتیان لە سنووری دووكان، بەڵام بەهۆی كەمی نەوتەکەوە، نەتواندرا تەواوی هاووڵاتیان لێی سودمەند بن، بۆیە دوای هەوڵی زۆر توانرا بەشە نەوتی پێویست بۆ سنوورەكە دابین بكرێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد" ئەو بەشە نەوتەی سبەی دەگاتە دووکان بەشی تەواوی هاووڵاتیانی ناوەندی قەزای دزوكان و شارەدێی خەلەكان و گوندەكانی سنوورەكە دەكات و ئەوانەی لە ڕابردووشدا نەوتیان وەرنەگرتووە سبەی دەتوانن بەشە نەوتی پێویست وەربگرن".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتی عێراق سەرەتای مانگی ١١ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ناردنی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. 




PM:07:47:23/12/2019