سلێمانی.. ئۆتۆمبیلێکی کادیرێکی پارتی لەبەر ماڵەکەیدا دەسووتێنرێت

لە شاری سلێمانی، لەگەڕەکی کوردستان کە دەکەوێتە باکوری شارەکە ئۆتۆمبێلێکی کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەسووتێندرێت. 

 

خەلیل براھیم، ئەندامی مەکتەبی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان،  ”شەوی ڕابردوو، ئۆتۆمبێلەکەم لە بەردەم ماڵەکەی خۆمدا لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی ڕاگرتبوو، ھەرچەندە کارەبای گەڕەکی ئێمە کوژابوویەوە، بەڵام کاتژمێری چواری بەیانی، لە لایەن دراوسێکانمەوە ئاگادار کرامەوە کە ئۆتۆمبێلەکەم سووتاوە“.


 

ئەو بە ماڵپەڕێکی نزیکی حیزبەکەی راگەیاندووە " هیچ کێشەیەکی کەسی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نیەو گومانیشم لە کەس نییە، نازانم ھۆکاری سووتانی ئۆتۆمبێلەکەم بۆچی دەگەڕێتەوە“.

 

کادیرەکەی پارتی ئاشکرای کرد کە لە ماڵەکەیدا کامێرا هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی بە کارەبا کار دەکات و لە کاتی رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێلەکەشی لە گەڕەکەکەیاندا کارەبا نەبووە، ساتی ڕووداوەکە تۆمار نەکراوە. 

 

ئەو دەڵێت ”هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش هاتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، هێڵکارییان کردووە، بەڵام پێیان نەگوتووم ئاخۆ ئۆتۆمبێلەکەم سووتاوە یان سووتێندراوە“.

 


ئەو بەدووری نەزانی، بەھۆی بیروڕای  سیاسییەوە خەڵکانێک ھەبێت ڕقیان لە کادیرەکانی پارتی بێت، بیانەوێت لەو ڕێگەیەوە، کادیرەکانی پارتی ئیستغلال بکەن.


 
تا ئێستا پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هیچیان لەو بارەیەوە رانەگەینادووە.

 


PM:03:07:25/12/2019