ژیانی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە مەترسیدایە

كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤی توركیا لەبارەی ژیانی سەلاحەدین دەمیرتاش هۆشداری دەدات و دەڵێت" ئەو سەركردە كوردە كە ئێٍستا لە زینداندایە ژیانی لە مەترسیدایە".

 

لیژنەی زیندانییانی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤی توركیا ڕایگەیاند" هاوسەرۆکی گشتی پێشووی هەدەپە، سەلاحەدین دەمیرتاش نەخۆش کەوتووە و دوای چوار رۆژ رەوانەی نەخۆشخانە کراوە".

 

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ئەو رێكخراوە لە شاری ئیستامبوڵ ئەنجامیدا  ئەو رێكخراوە وتیشی" پێویستە دەمیرتاش ئازاد بکرێت، چونکە ژیانی لەژێر مەترسیدایە، بانگەوازی بۆ وەزارەتی داد و بەرپرسیاران دەکەین کە دۆخەکە پێشێل نەکەن، ئەگەر شتێک بەسەر دەمیرتاش و زیندانییەکانی دیکە بێت، بەرپرسانی دەوڵەت و وەزارەتی داد بەرپرسیارن".

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەدارێکی کوردی زازایە، لە نیسانی ساڵی ١٩٧٣دا لە شارۆچکەی پالۆی سەر بە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک وەکوو نوێنەری پارێزگای ئامەد بۆتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لە دوای قەدەغەکردنی ئەم پارتە لە لایەن دادگای دەستووری تورکیاوە، لە ساڵی ٢٠١٠دا بوو بە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی، سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپەیە.


ناوبراو کوردی زازایە و دەرچووی کۆلێژی یاسایی زانکۆی ئانکارایە، دەمیرتاش بەر لەوەی بە شێوەی ئەکتیڤ بێتە ناو سیاسەت، لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی بوو. 


لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و ئەندامپەرلەمانەکانی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکرا.



PM:07:27:25/12/2019