هاوپەیمانی " بنا" داوا دەکات ڕێوشوێنی یاسایی دژی بەرهەم ساڵح بگیرێتەبەر

هاوپەیمانی " بنا " کە هادی عامری و مالکی و چەند لایەنی دی سەرۆکایەتی دەکەن، داوا دەکەن ڕێوشوێنی یاسایی دژی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بگیرێتە بەر.


لە بەیاننەمەیەکدا هاوپەیمانی "بنا " کە ئەمشەو  بڵاویکردۆتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە  بەرهەم ساڵح لەسوێندخواردن سەرپێچی کردووە.


هەروەها لە بەیانەکەدا هاتووە" هەر لە دوا راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ەوە سووربووین لەسەر تەوافوق بەمەبەستی پاراستنی ئاشتی ئەهلی و دوورکەوتنەوە لە قەیران و کێشە کە ببێتە مایەی تێکدانی خۆشی عێراقییەکان بەبۆنەی سەرکەوتن بەسەر داعشی تیرۆریستدا، لەبەر ئەو تەوافوقە بێدەنگیمان هەڵبژارد لە ئاست دەستکەوتەکانمان لە هەڵبژاردندا وەک کوتلەی زۆرینە، ئەوە بوو عادل عەبدولمەهدیمان پاڵاوت لەگەڵ کوتلەی سائیرن و بەڕەزامەندی کوتلەکانی تر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، دوای دەستلەکارکێشانەوەشی ئێمە سووربووین لەسەر گرتنەبەری هەمان میکانیزم بۆ دەستنیشانکردنی ئەلتەرناتیڤی سەرۆک وەزیران ".

 
  
لە بەیانەکەدا هاتووە" بەڵام سەرۆک کۆمار پەنای بردە بەر کوشتنی کات و ناردنی نامە بۆ ئەم لایەن و ئەو لایەن و پابەندنەبوون بە دەستوورەوە، ئێمە بەڵگەمان پێشکەشکرد کە گەورەترین کوتلەین لە رووی ژمارەوە، بەڵام تووشی شۆک بووین کە سەرۆک کۆمار سووربوو لەسەر پێشێلکردنی دەستوورو رانەسپاردنی پاڵێوراوەکانمان بە بەیانووی ئەوەی هەندێک لایەن رەتیدەکاتەوە".


" بنا" داوا دەکات رێوشوێنی یاسایی دژی سەرۆک کۆمار بگیرێتەبەر لەبەرئەوەی سەرپێچی سوێندخواردنی کردووە.

 


PM:11:58:26/12/2019