لێپرسراوی پەیمانگای کادیرانی یەکێتی: خەڵکانێک چەندین ملیۆن دۆلاریان لەپێناوی کڕینی ویژدانی ئەنداماندا خەرجکردووە

لێپرسراوی پەیمانگای کادیرانی یەکێتی، نهێنیەکانی کۆنگرەی یەکێتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت" خەڵکانێک چەندین ملیۆن دۆلاریان لەپێناوی کڕینی ویژدانی ئەندامانی کۆنگرە خەرجکردووە".

 

 
 لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی خۆی، نیاز سەعید لێپرسراوی پەیمانگای کادیرانی یەکێتی دەڵێت" لێرەوە زۆر سوپاسی ئەو هەڤاڵ و کادیرو ڕابەری سیاسیی و ئەو ئەندامی کۆنگرە بەویژدانانە ئەکەم ،کە پێشنیاریان بۆ کردم بۆ خۆپاڵاوتن ، بەدڵنیایی هەڵوێست و دەنگی ئەوان ؛ تامی سەرکەوتنی هەیە بۆ من ، جێی شانازیین و پێزانینم هەیە بۆیان ، شایەنی باسە لەناو گێژاوی ململانێ قورس و ئاڵۆزەکان و بوونی پاڵێوراوێکی زۆری بێشومارو ئەو دەیان دەعوەتی نانخواردنە گەورانەی کە بەپارەی (یەکێتیی!) لەلایەن پاڵێوراوە پارەدارەکانەوە ، لەرێستۆرانە پێنج ئەستێرەکانی (داوا)و (وایت پلاس)ی ناو بەرزاییەکانی سلێمانیی و (ئەبو سەنا) و رێستۆرانتی (تایتانیک) و ...هتد ئەنجام ئەدراو پرسیار لەسەر سەرچاوەی پارەکەیان هەیەو چەندین ملیۆن دۆلاریان لەپێناوی کڕینی ویژدانی بەشێک لەئەندامانی کۆنگرە خەرجکردووە ، بەتایبەتیی لەلایەن ئەو پاڵێوراوانەی کە ڕۆژێک لەڕۆژان ؛ لەهیچ ئۆرگانێکی (یەکێتیی)دا کاریان نەکردووەو زۆریش نەناسراو بوون".

 

 
هەروەها لەو نووسینەدا لێپرسراوی پەیمانگای کادیران ئەوە ئاشکرا دەکات " ژمارەیک پاڵێوراوی نەناسراوی دەرەوەی ئۆرگانە ڕێکخراوەییەکانی (یەکێتیی) ، دەنگی یەکەمینەکانیان بەدەستهێنا ، هاوکات زۆر پاڵێوراویش بە(بەندە)ەوە ؛ بووینە قوربانیی سازانێکی تۆکمەیی و ململانێیەکی شاراوەی تازەی ناو (یەکێتیی)!! ، ئەمە سەرەڕای تێبینیی لەسەر شێوازی جیاکردنەوەی دەنگەکان و (چاودێرەکان !!)و ...هتد .(بەندە) لەگەڵ ئەوەشدا ؛ توانییومە (٢٣٠) دەنگ بەدەستبهێنم ؛ لەناو نزیکەی (١١٣) پاڵێوراو و ببمە زنجیرەی (٣٠)ەمین ، لەناو پاڵێوراوەکاندا ، لەکاتێکدا تاکو (٢٣) پاڵێوراو لەبازنەی سلێمانی ؛ بووەنەتە ئەندامی سەرکردایەتیی".

 

 
لە کۆتایی نووسینەکەیدا نیاز عەزیز دەڵێت " ـلەناخی دڵەوە ؛ پیرۆزبایی لەبەشێک لەدەرچووەکان ئەکەم ؛ کە بەشایستەیی خۆیان بوونە ئەندامی سەرکردایەتیی ، لەناویاندا ژمارەیەک لەدەرچووەکانی خولەکانی پەیمانگەی کادیران ؛ کە (بەندە) بۆ خۆم لەسەر بنەمای شایستەیی و تەواوکردنی خولی تێرو تەسەل و بەردەوامیی و دڵسۆزیی و هوشیارییان ،دەنگم پێداون و چیشم پێکرا بێت ، بەگوێرەی توانا پشتگیرییم کردوون".

 

 
یەکێتی لە ٢١ تا ٢٦ی  کانوونی یەکەم کۆنگرەی چوارەمی خۆی سازدا، لە گەڵ تەواوبوونی کۆنگرە ناوبەناو کادیرانی ئەو حیزبە رەخنە لە کۆنگرەو دەرچوانی سەرکردایەتی نوێی ئەو حیزبەو پێشلێکاریەکانی دەگرن. 




PM:03:05:27/12/2019