نێچیرڤان بارزانی: یەكێتیی له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراق خاوه‌ن ئاماده‌يى و پێگه‌يه‌كى كاريگه‌ره‌

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبای ئاڕاستەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات و دەڵێت" یەكێتیی كه‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراق خاوه‌ن ئاماده‌يى و پێگه‌يه‌كى كاريگه‌ره‌".

 

لە پەیامەکەیدا دەشڵێت" یەكێتیی به‌ سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌كه‌ى ده‌توانێ رۆڵێكى باشتر بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و دروستكردنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێوان لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كاندا بگێڕێت".

 

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 

 
به‌ بۆنه‌ى كۆتاييهاتن و سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌ى چواره‌مى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانه‌وه‌، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ يه‌ك به‌ يه‌كى ئه‌ندامانى ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەنديی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تيى گشتيى يه‌كێتى و ته‌واوى كاديران و ئه‌ندامان و لايه‌نگرانى ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.

 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراق خاوه‌ن ئاماده‌يى و پێگه‌يه‌كى كاريگه‌ره‌، به‌ سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌كه‌ى ده‌توانێ رۆڵێكى باشتر بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ عێراق و خزمه‌تكردنى زياترى هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كانى و دروستكردنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێوان لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كاندا بگێڕێت.

 
هه‌ر له‌م بۆنه‌يه‌دا به‌ ڕێزه‌وه‌ يادى جه‌نابى سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌كه‌ينه‌وه‌.

 
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
27/12/2019



PM:09:19:27/12/2019