نوسینگەی عەلی سیستانی پەیامێکی لەبارەی بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆسەر حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو له‌ شارۆچكه‌ی‌ قائیمی‌ سه‌ر به‌ پارێزگاری‌ ئه‌نبار باره‌گای‌ گروپێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ لە لایەن ئەمریکاوە بۆردوومان كرا، هاوکات نوسینگەی عەلی سیستانی لە پەیامێکیدا دەڵێت" مەرجەعی باڵای شیعەکانی عیراق بۆردوومانەکان ئیدانە دەکات".

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی عەلی سیستانی بۆردومانەکانی ئەمریکای بۆسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی ئیدانەکردو ڕایگەیاند" تەنها حکومەت و دەسەڵاتدارانی عیراق تایبەتمەندن بە مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە و گرتنەبەری رێکاری پێویست لەو بارەیەوە".

 

شەوی رابردوو پێنج بنکەی حیزبوڵای عێراق لە خاکی سوریا و عێراق لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە کرانە ئامانج، لە ئەنجامدا ٢٥ بەرپرس و چەکداری حیزبوڵا کوژران و زیاد لە ٥٠ی دیکەش بریندار بوون کە چوار لە کوژراوەکان بەرپرسی پلە باڵا بوون.

 

ئەو هێرشە ئاسمانییە لەكاتێكدا دێت، شەوی ٢٧/٢٨ی ئەم مانگە، بنكەی ئاسمانی (كەی وەن) لەكەركوك كە بەشێك لەهێزەكانی ئەمریكاو سوپای عیراقی لێیە، مووشەك بارانكراو بەهۆیەوە بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژراوو ژمارەیەك سەربازی عیراقی بریندار بوون.



PM:05:29:30/12/2019