ئاسایشی سلێمانی بۆ جارێکی تر رێگای لە فلمێک گرت پێشانبدرێت لە سینەما سالم کە یەکێکە لە سینەماکانی شاری سلێمانی.
لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی، کە ئەمڕۆ سینەما سالم بڵاویکردەوە، تیایدا هاتووە" دوای ئەوەی بڕیار بوو سینەما سالم لە شەوی سەری ساڵدا (٣١\١٢\٢٠١٩)، فیلمی ''لەپێناو ئازادیدا''، لە دەرهێنانی ئەرسین چەلەک نمایش بکات، ئەمڕۆ، دووشەممە (٣٠\١٢\٢٠١٩)، ''بە پاساوی ئاسایش و ئارامیی شار''، لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئاگادار کراینەوە کە ''نابێت ئەو فیلمە نمایش بکرێت''.
ئەو فلمە کە باسی خەباتی کوردان دەکات لە باکوری کوردستان، سینەما سالم دەڵێت" ئەمە لە کاتێکدایە، نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا و لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، سینەما سالم بە هۆی نمایشی دوو فیلمی ترەوە، ڕووبەڕووی ڕێگری و داخستن بووەوە".
هەروەها لەو راگەیاندنەدا هاتووە " لە کاتێکدا ئێمە ڕاگۆڕینەوە و ڕاوێژمان لەگەڵ زۆرێک لە بەرپرسە ئیداری و ئەمنییەکانی سلێمانی کردووە و ئەوانیش هەمان ڕای ئاسایشی سلێمانییان هەیە کە فیلمەکە نمایش نەکرێت، پێمان وایە ڕێگرتن لە هونەر و سینەما، هیچ بیانوویەک قبووڵ ناکات، تەنانەت ئەگەر ئاسایش و ئارامییش بێت. ئەرکی هونەر و سینەما جگە لە دروستکردنی هۆشیاری لە ڕێگەی ئیستاتیکاوە، هیچی تر نییە؛ لە کاتێکدا فیلمی ''لەپێناو ئازادیدا'' گێڕانەوەی ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی نیشتمانەکەمانە و لە ڕووی هونەرییەوە لە ئاستێکدایە، لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانی بەشداریی کردووە. ئێمە پێمان وابوو ئەرکی هەموومانە لە باشوور، پشتیوانیی لەم فیلمە بکەین و بتوانین پێکەوە بۆ یەکەم جار بیخەینە سەر شاشەی سینەما، تا هاونیشتمانییان بیبینن و لە ڕێی هونەر و سینەماوە، ئاگاداری ئەو مێژووە گرنگە بن".
"دوای ئەم مامەڵە میلیتارییەی تەنانەت لەگەڵ هونەریشدا دەکرێت، کە ئاسۆکانی ئازادیی ڕادەربڕین و بیرکردنەوەی فەزای گشتی تاریکتر دەکات، ئەم پرسیارە بۆ ڕای گشتی جێ دەهێڵین: فیلمێک کە لە هەموو دنیا نمایش دەکرێت، بۆ لە نیشتمانەکەی خۆیدا نمایشی قەدەغەیە؟".( لە راگەیاندنەکەی سینەما سالم دا هاتووە ).
هەروەها هاتووە "تاکە چەکی ئێمە، هونەر و سینەمایە و هێشتایش بە ئیرادەی یەکەم ڕۆژی کارکردنمان، بە شێوازی تر بەردەوام دەبین".
لە کۆتاییدا لە روونکردنەوەکەدا سینەما سالم دەڵێت "هەر بەم بۆنەیەوە، ڕۆژی ٩\١\٢٠٢٠، سەعات ٣:٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ، گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر سانسۆر و ڕێگریی بەردەم ئازادییەکان لە "پایتەختی ڕۆشنبیری"، ڕێک دەخەین. هەر لێرەوە بانگهێشتی هەموو ھونەرمەندان، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسانی شاری سلێمانی دەکەین، لەم گفتوگۆ کراوەیەدا بەشدار بن".