بەیانی ئەمڕۆ ٣ی کانوونی دووەم دوای کوژرانی "سلێمانی"، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەئی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی کردو هەرەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد، هەروەها نوێنەری ولایەتی فیقی لە فەیلەقی قودس، عەلی شیرازی لەسەر کوشتنی قاسمی سلێمانی هەڕەشە دەکات و دەڵێت" تۆڵە سەندنەوە ئەرکێکی شەرعییەو ناهێڵین خەو بچێتە چاوی ئەمەریکیەکان"، بەرامبەر ئەم هەڕەشانە، ئەمەریکا هەموو هێزەکانی لە عێراق و ناوچەکە خستە حاڵەتی ئامادە باشی تەواوەوە.
میدیاکانی ئێران لە زاری شیرازی نوێنەری ولایەتی فیقی رایانگەیاند" فەیلەقی قودس لە مەیدانەکە بەهێز لە جاران زیاتر دەوەستێت و، ناهێڵین ئەمەریکیەکان چاویان بچێتە خەو".
بەرامبەر ئەوەش کەناڵێ " فۆکس نیوز " ی ئەمەریکی رایگەیاند" هێزە ئەمەریکیەکان لە ناوچەکە کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی باڵاوە".
هەروەها " نیوزویک" لە سەرچاوەیەکی پەنتاگۆنەوە بڵاویکردەوە" مووشەکی پاتریۆت لە بەحرین کەوتۆتە حاڵەتی ئامادە باشی باڵاوە".( ئەم مووشەکانە دژی مووشەکە دوورهاوێژەکانن).
هەروەها ئەمەریکا هاوڵاتیانی خۆی ئاگادار کردەوە کە بەزووترین کات عێڕاق جێبهێڵن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٣ی کانوونی دووەم کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی قاسمی سلێمانی فەرماندەی دیاری سەربازی و ئەمنی ئێران و مەهدی موهەندیس فەرماندەی دیاری حەشدی شەعبی لە بۆردومانێکی فڕۆکەکانی ئەمەریکادا کوژران.